تەلەگراف: ئەمەریکا و ئیسرائیل تاوتوێی سەپاندنی گەمارۆیەکی زەمینی بۆ سەر ئێران دەکەن
بڵند
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٦
رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەمەریکا و ئیسرائیل تاوتوێی نەخشەیەک دەکەن بۆ سەپاندنی گەمارۆیەکی زەمینی بەسەر ئێراندا، ئەوەش لە رێگەی داخستن یان سنووردارکردنی دەروازە سنوورییەکانی ئێران بە هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ.
بەپێی راپۆرتەکەی تەلەگراف، ئەم پلانە یەکێکە لە بژاردەکانی بەردەم دۆناڵد ترەمپ، و بنیامین نەتانیاهۆ و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت بە مەبەستی زیادکردنی گوشارە ئابورییەکان بۆ سەر تاران.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، جێبەجێکردنی ئەم نەخشەیە بە ئەگەری زۆرەوە پێویستی بەوە دەبێت، کە ئەمەریکا و ئیسرائیل گوشار بخەنە سەر دراوسێکان و هاوبەشە هەرێمییەکانی ئێران بۆ توندکردنەوەی رێکارەکان یان داخستنی تەواوەتیی دەروازە سنوورییەکان، تاوەکو رەوتی هاوردەکردن و هەناردەکردنی ئێرانی پێ پەکبخرێت.
لەو چوارچێوەیەدا، تەلەگراف لە زاری لێپرسراوێکی باڵای ئیسرائیلییەوە دەڵێت؛ئەگەر سنوورە زەمینییەکان دابخەیت چی روودەدات؟ فەرز بکەن ئێران نەتوانێت هیچ شتێک هاوردە یان هەناردە بکات؛ لەو بڕگەدا هەموو شتێک دەگۆڕێت.
ئەو لێپرسراوە جەختیکردوەتەوە، ئەم سیناریۆیە یەکێکە لە بژاردە دیارەکان، کە لە نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیلدا قسەی لەسەر کراوە.


