وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا: 49 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە پەڕیونەتەوە و سوپا لە سەر سنوور بڵاوەی پێکراوە
سەوسەن سەید
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٦
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتدا نزیکەی 49هەزار کۆچبەر لە سنوورەکانی مەغریبەوە چوونەتە ناو شاری سبتة، ئەمەش شەپۆلێکی بێپێشینەی کۆچکردنی دروستکردووە کە وای لە حکومەتی مەدرید کردووە بەپەلە هێزی سەربازی و ئەمنی بۆ ناوچەکە رەوانە بکات.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا کە میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە: حکومەتی ناوەندی 60 سەرباز و 200 پۆلیسی تایبەتی رەوانەی شارەکە کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی داوای راگەیاندنی باری لەناکراویان کرد، هاوکات تیمی غەواس و یەکەی ئەمنی زۆرتر بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان جێگیرکراون.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم قەیرانە مەترسیی ئابووریشی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیتالیا هەڕەشەی هەڵپەساردنی رێککەوتننامەی "شەنگن"ی لەگەڵ ئیسپانیا کردووە، کە ئەمەش رەنگە رێگری و کۆتوبەند بخاتە سەر هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەناو ئەوروپادا.
لە لایەکی ترەوە چالاکییە بازرگانییەکان لە سەبتە راگیراون و بەشێک لە خاوەن شوێنکارەکان دووکانەکانیان داخستووە بۆ پاراستنی موڵکەکانیان.
سەبارەت بە شێوازی پەڕینەوەیان، گرتە ڤیدیوییەکان دەریدەخەن کە کۆچبەران لە رێگەی مەلەکردن یان بەکارهێنانی تایەی لاستیکییەوە گەیشتوونەتە ناوچەکە، لە کاتێکدا بەشێکی تریان لە رێگەی تێکشکاندنی دەروازە سنوورییەکانەوە چوونەتە ژوورەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتوووە، دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا تەرمی 9 کۆچبەری تریان دۆزیوەتەوە، بەمەش ژمارەی کۆچبەرە گیانلەدەستداوەکان لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا بۆ 60 کەس بەرزبووەتەوە.
لە بەرانبەردا، پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بە یاوەری وەزیری ناوخۆ سەردانی شاری سەبتە کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، و حکومەتی مەدرید بەڵێنی داوە تەواوی ئەو کەسانەی بە نایاسایی چوونەتە ژوورەوە بپێچێتەوە بۆ وڵاتەکانیان، لە هەمان کاتدا تۆڕەکانی قاچاخچییەتی تۆمەتبار کرد بەوەی بڕیارێکی دادگایان قۆستووەتەوە کە رێگری لە گەڕاندنەوەی دەستبەجێی کۆچبەران دەکات لە کاتی دەستگیرکردنیان لە دەریادا.


