دەستەی کەشناسی عیراق: چالاکیی بوومەلەرزە لە کەرکووک سروشتییە و جێی مەترسی نییە
سەوسەن سەید
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەستەی کەشناسی و چاودێریی بوومەلەرزەی عیراق راپۆرتی تایبەت بە چالاکییە زەمینییەکانی پارێزگای کەرکووکی بۆ دوێنێ پێنجشەممە و بەیانیی ئەمڕۆ هەینی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، پارێزگای کەرکووک بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەی و نزیکی لە زۆنی زەمینیی زاگرۆس، لە چوارچێوەی ئەو ناوچانەیە کە لە رووی جیۆلۆجییەوە چالاکن.
لەو بارەیەوە، عەلی عەبدولخالق، بەڕێوەبەری بەشی چاودێریی بوومەلەرزە ئاشکرای کرد، لە نێوان 21 تا 27ی تەممووزدا، 16 بوومەلەرزە لە عیراق تۆمارکراون کە گوڕیان لە نێوان 1.7 تا 3.9 پلەدا بووە و زۆربەیان لە باکوری وڵات و سەر سنوورەکانی عیراق-ئێران بوون. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم چالاکییانە بەهۆی پێکهاتە جیۆلۆجییەکانەوە ئاسایین و بەردەوام دەبن.
لە لایەکی ترەوە، عامر ئەلجابری،وتەبێژی دەستەی کەشناسی رایگەیاند: هیچ ئامرازێکی زانستی نییە کات و شوێنی بوومەلەرزە پێشوەختە دیاری بکات، هەروەها هیچ ئاماژەیەکیش بۆ رودانی بوومەلەرزەی وێرانکەر لە ئارادا نییە.
بەپێی راپۆرتەکە، رۆژی پێنجشەممە، دوو بوومەلەرزە لە رۆژهەڵاتی کەرکووک (بەلانی کەم 30 کیلومەتر دوور لە سەنتەری شاری) بە جیاوازیی 40 خولەک تۆمارکراون، کە گوڕی یەکێکیان 3.7 پلە بووە.
کەشناسی عیراق هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە کە بەردەوامیی ئەم بوومەلەرزە سووک و مامناوەندانە جێی نیگەرانی نییە و داوای کرد تەنیا پشت بە سەرچاوە رەسمییەکان ببەستن.


