وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا خولێکی نوێی سزاکانی پەیوەندیدار بە ئێران راگەیاند، کە تێیدا 10 کۆمپانیا و دامەزراوە هەروەها هەشت کەشتیی نەوتهەڵگر خرایە ناو لیستی سزاکانی نوسینگەی کۆنترۆڵی سەرمایە دەرەکییەکان (OFAC).

بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، شەش کۆمپانیا لە کۆی ئەو 10 کۆمپانیایەی خراونەتە ناو لیستی سزاکانەوە، بنکەکانیان لە چین و هۆنگ کۆنگە؛ لەوانە کۆمپانیای بەڕێوەبردنی کەشتیوانیی کی‌هانگ، هەروەها چەندین کۆمپانیای بازرگانی و گواستنەوەی دەریایی لە هۆنگ کۆنگ و دورگەکانی مارشاڵ.

هاوکات دوو دامەزراوەی ئێرانی بە ناوەکانی (مەرجەعی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی هورمز سەیف) و کۆمپانیای (بیمەی دەریایی کەنداو) سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

جگە لەمەش، ئامانجگرتنی هەشت کەشتیی نەوتهەڵگر و هەڵگری بەرهەمە کیمیاییەکان بە ئاڵای وڵاتانی جیاوازەوە وەک باربادۆس و ڤانواتو بەشێکی دیکەی ئەم بڕیارە بووە.

ئەم سزایانەی واشنتۆن لە کاتێکدا دێن، کە پێشتر سوپای ئەمریکا رایگەیاندبوو چەندین موشەکی باڵیستیکی لە ئاسامانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەناو بردووە کە ئاڕاستەی بنکە و هێزەکانی کراون و دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند بوو، وەڵآمی تاران دەداتەوە.