سەعدی ئەحمەد پیرە جەخت لەسەر بەشداریی هێزە سیاسییەکان لە کۆبوونەوە هاوبەشەکان دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت کە کۆبوونەوەی داهاتوو جیاوازتر دەبێت، هاوکات هۆشداری لە گرانیی نرخی سووتەمەنی و بارگرانیی سەر هاوڵاتییان دەدات.

لە لێدوانێکیدا بۆ کوردسات نیوز، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند: بەشداری لە کۆبوونەوەی حزبەکان دەکەین.

ئاماژەی بەوەش کرد: کۆبوونەوەی داهاتوو جیاوازتر دەبێت.

 جەختیشی کردەوە کە لەم قۆناغەدا گەلەکەمان زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە یەکڕیزی و رێزگرتن لە بەرژەوەندییە باڵاکان هەیە.

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکان و دۆخی سیاسیی هەرێم، سەعدی ئەحمەد پیرە بە راشکاوی رایگەیاند: ئەوەی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەکات خۆمانین.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە گوزەرانی هاوڵاتییان، تیشکی خستە سەر قەیرانی وزە و رایگەیاند: کەمیی بڕی سووتەمەنی گرفتێکی گەورەی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بەوپێیەی هاوڵاتییان ناتوانن بەو نرخە بەرزەی ئێستا سووتەمەنی بکڕن و پێویستە ئاسانکارییان بۆ بکرێت.