وەزارەتی کارەبا داشکاندنی تاوەکو 50٪ بۆ قەرزی کۆنی هاووڵاتیان رادەگەیەنێت
سەوسەن سەید
٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە کۆتا بەخشین و داشکاندن بە رێژەی تاوەکو 50٪ بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی روناکی، لە هەمان کاتدا ئاگادارییەک ئاڕاستەی هاووڵاتییان دەکات سەبارەت بە راگرتنی کاتیی خزمەتگوزارییەکانی پارەدان.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا، داشکاندنەکە تەنها قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی رووناکی دەگرێتەوە و پارەی پسوولەکانی پڕۆژەی رووناکی ناگرێتەوە.
بڕیارەکە لە رێککەوتی 3ی ئاب تاوەکو 10ی ئەیلولی 2026 جێبەجێ دەکرێت، بە مەرجێک هاووڵاتیان بە یەکجار تەواوی بڕی داشکێندراوی قەرزەکانیان بدەنەوە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، وەک ئامادەکارییەکی تەکنیکی، پارەدانی کارەبا لە رێگەی (ئی-پسوولە) و هۆبەکانی فرۆشتنی وزە بۆ ماوەیەکی کاتی لە نێوان 30ی تەمموز تاوەکو 3ی ئاب دەوەستێت، بەوهۆیەوە داوا لە هاووڵاتیان دەکات بەر لە 30ی تەمموز پارەی پسوولەکانی رووناکی بدەن.
وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە کە خێراترین رێگە بۆ دانەوەی قەرزەکان بەکارهێنانی (ئی-پسوولە)یە بۆ دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی، هەروەها روونی کردووەتەوە کە ئەم داشکاندنە ئەو پارەدانانە ناگرێتەوە کە لە رێگەی کارمەندانی کۆکەرەوەی پسوولەوە دەکرێن.
لە کۆتاییدا وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، ئەمە دوایین دەرفەت و ئاسانکارییە بۆ سڕینەوەی قەرزە کۆنەکان بەرەو چوونە ناو قۆناغی نوێی جێبەجێکردنی سیستمی 50 رۆژیی پارەدان، و هاووڵاتیان دەتوانن بۆ هەر پرسیارێک پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاریی رووناکی لە رێگەی ژمارە 1992 بکەن.



