دەزگای ئاسایش 682 سکەی مێژوویی رادەستی مۆزەخانەی سلێمانی دەکات
سەوسەن سەید
٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەزگای ئاسایشی هەرێم رادەستکردنی 682 سکەی زیوی مێژوویی سەدەی 12_13ی زایینی بە مۆزەخانەی سلێمانی راگەیاند، دوای ئەوەی توانیی رێگری لە مامەڵەکردن پێیانەوە بکات و سێ تۆمەتبار دەستگیر بکات.
عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشکرای کرد، ئاسایش توانیویەتی دەست بگرێت بەسەر 682 سکەی زیوی کۆندا کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی (12 - 13)ی زایینی و دەسەڵاتداریەتیی ئیلخانییەکان دەگەڕێتەوە، و ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا پێشکەشی مۆزەخانەی سلێمانی کران.
سەبارەت بە وردەکاریی کەیسەکە، وتەبێژی دەزگای ئاسایش ڕوونی کردەوە، بڕی سکەکان لە لایەن دوو هاوڵاتیی دانیشتووی شارەزوورەوە دۆزرابوونەوە کە پیشەیان شوان بووە و تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 25 ساڵیدایە. تۆمەتباران هەوڵیانداوە مامەڵە بەو سکە مێژووییانەوە بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئۆپراسیۆنێکدا ئەو دوو هاوڵاتییە لەگەڵ کەسێکی تر کە ویستوویەتی سکەکانیان لێ بکڕێت، لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بەپێی مادەی (24) لە یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2021ی تایبەت بە شوێنەوار، دەستگیر کراون و رووبەڕووی رێکاری یاسایی بونەتەوە.



