وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا سعودی و عومانییەكەی ئەنجامدا و ئاسایشی گەروی هورمز و رەوشی ناوچەكە تاوتوێكرا .

بەپێی میدیاكانی ئێران ، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێی دوو پەیوەندی تەلەفۆنیی جیاوازەوە لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە و بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان ، ئاسایشی كەشتیوانیی لە گەروی هورمز و رەوشی ناوچەكەی تاوتوێكردوە و عراقچی جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەلامەتی و ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز كردوەتەوەو رایگەیاندوە كە ئاسایشی ئەم رێڕەوە ئاوییە گرنگە بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەكەیە دور لە دەستوەردانی دەرەكی.

هەروەها باس لە پەیوەندییەكانی تاران لەگەڵ ریاز و مەسقەت كراوە و دوپاتیكردوەتەوە كە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە تەنها دژی بەرژوەندییەكانی ئەمریكایە، هەروەها هەوڵەكانی عومانی بەرز نرخاندوە كە وەكو كەناڵێكی دیپلۆماسیی سەرەكی بۆ نزیككردنەوەی دیدگا و چارەسەركردنی ناكۆكییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان دەیدات.