لە پێشهاتێکی نوێدا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، توانیویانە لە دەریای خەزەردا ئەو کەشتییانەی روسیا بکەنە ئامانج، کە چەک و باری سەربازیان بۆ ئێران دەگواستەوە.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردوەتەوە و  تێیدا هاتووە، کەشتییە روسییەکانیان لە هێرشێکی دورمەودادا  لە  دەریای خەزەردا کردوەتە ئامانج.

سەرۆکی ئۆکراین، لە پەیامەکەدا وردەکاری نەخستوەتە روو، بەڵام باسی لەوەش کردوە جگە لەو کەشتیانەی روسیا هێزەکانیان کارگەیەکیشیان لە شاری کیرۆڤی روسیا کردوەتە ئامانج کە 1200 کیلۆمەتر لە سنوری نێوان هەردوو وڵاتەوە دوورە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، کارگەکە پێکهاتەکان بۆ بەرهەمهێنانی ئەو چەکانە دابین دەکات،  کە روسیا دژی گەلەکەیان بەکاریدەهێنێت.

جیا لەوانەش پاڵاوگەیەکی نەوت لە شاری تیومێن و ناوەندێکی لۆجستی لە شاری یکاتێرینبۆرگ و کۆگایەکی سوتەمەنی لە شاری رۆستۆڤ ئۆن دۆنیش  ئامانجی هێرشەکانیان بوون.