وەزارەتی بەرگریی روسیا: لە 24 سەعاتی رابردوودا زیاتر لە هەزار درۆنی ئۆکراینیمان خستووەتە خوارەوە
محەمەد رزگار
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
وەزارەتی بەرگریی روسیا ئاشکرایکرد، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا زیاتر لە هەزار درۆنی ئۆکراینیان خستووەتە خوارەوە و زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندە لۆجستییەکان و ژێرخانی وزە و بەندەرەکانی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بەرگریی روسیا لە راگەیەنراوی رۆژانەی خۆیدا ئاماری دواین رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی لەگەڵ سوپای ئۆکرین بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی روسیا لە ماوەی سەعاتی رابردوودا هەزار و 60 درۆن و موشەکی ئاڕاستەکراوی ئۆکراینیان خستووەتە خوارەوە، جیا لە تێکشکاندنی بەلەمێکی درۆنی لە ئاوەکانی دەریای رەشدا.
وەزارەتی بەرگریی روسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانیان لە 152 ناوچەی جیاوازدا هێرشیان کردووەتە سەر سەنتەرە لۆجستییەکان، وۆرکشۆپەکانی دروستکردن و کۆگاکردنی درۆنی دوورمەودا، هەروەها ژێرخانەکانی سووتەمەنی، وزە، گواستنەوە و بەندەرەکانی سەر بە سوپای ئۆکراین و شوێنی کۆبوونەوەی سەربازان و چەکدارە بیانییەکان.
پێشتریش لە هەمان رۆژدا، بەرگریی ڕووسیا رایگەیاندبوو، هێزەکانیان چەندین ئامانجی پەیوەندیدار بە سوپای ئۆکراینیان لە سێ بەندەری باشوری ئۆکراین پێکاوە.



