وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم داوا لە میدیای بینراو و بیستراو دەكات لە كاتی روماڵكردنی هێرشەكان و روداوە ئەمنییەكاندا، بە تەواوی پابەندی یاسا و رێنماییەكان بن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم نوسراوێكی ئاراستەی دەزگاكانی میدیای بینراو و بیستراو كردووە و رایگەیاندووە، رەوشی ئەمنیی هەرێمی كوردستان، پێویستی بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەیە، بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم و رێگریكردن لە هەر جۆرە پشێوییەك، پێویستە كەناڵەكانی میدیای بینراو و بیستراو لە كاتی روماڵكردنی هێرشە درۆنییەكان و روداوە ئەمنییەكاندا، بە تەواوی پابەندی یاسا و رێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بن.

داواشیكردووە میدیاكان پابەندبن بە رێكارە پیشەییەكان بۆئەوەی روماڵی روداوەكان نەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیریی و بەدووربن لە بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە زانیاریەكی ناڕاست كە ببێتە هۆی دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ.

داواش دەكەن دەزگاكانی راگەیاندن پابەندبن بە وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە رەسمییەكان و خۆبەدورگرتن لەو جۆرە روماڵانەی دەبنە هۆی تێكچوونی رەوشی ئابووری و دروستكردنی پشێوی لە بازاڕەكاندا.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، هەر سەرپێچییەك لەو خاڵانە، كەناڵەكە روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەكاتەوە و رێكاری پێویستی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.