بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، مەفرەزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی فریاکەوتن توانیویانە چوار تۆمەتبار لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاووڵاتییەک لە شاری سلێمانی دەستگیربکەن.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان دوو خێزاندا لە گەڕەکی "زەرگەتەی کۆن" لە شاری سلێمانی دروستبووە، لە ئەنجامی ئەو گرژییەدا، کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پاش گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی روداوەکە و ئەنجامدانی کەشف و هێڵکاری بۆ شوێنی تاوانەکە، بە بڕیاری دادوەر چوار تۆمەتبار دەستگیرکران.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبار (ع. م. س) لەدایکبووی 1974 و تۆمەتبار (م. م. س) لەدایکبووی 1983، بەپێی مادەی (406) لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکراون.

هاوکات تۆمەتبار (ب. أ. ع) لەدایکبووی 2006 و تۆمەتبار (ع. ع. خ) لەدایکبووی 1975، بەپێی مادەی (31/405) لە یاسای سزادانی عراقی دەستگیرکراون.

راشیگەیاند، لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر راگیراون، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و رێوشوێنە یاساییەکان بەردەوامن.