لە نیوەشەوەوە تا بەیانی؛ لە بەریتانیا تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ مێرمنداڵان قەدەغەدەکرێت
بڵند
١٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
حکومەتی بریتانیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی یاسا نوێیەکانی پاراستنی مێرمنداڵاندا، دەستڕاگەیشتنی مێرمنداڵانی تەمەن 16و 17ساڵ بۆ سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی خۆکارانە لە سەعات 12ـی شەو تا 6ـی بەیانی سنوردار دەکرێت.
قەدەغەکردنەکە پلاتفۆرمەکانی وەک سناپچات، تیک تۆک، یوتیوب، ئینستاگرام، فەیسبووک و ئێکس دەگرێتەوە، بەڵام خزمەتگوزاری نامە ناردنی وەک واتسئەپ و سیگناڵ ناگرێتەوە.
بەپێی ئەم پلانە، بەکارهێنەران لەم تەمەنەدا بۆ بەکارهێنانی ئەپەکان لەم کاتانەدا دەبێت رێکخستنە سەرەتاییەکانی مۆبایلەکانیان بگۆڕن؛ هاوکات ئەو تایبەتمەندییانەی کە بۆ هاندانی زیاتری بەکارهێنەران بۆ مانەوە و گەڕان لەناو تۆڕەکاندا دروستکراون، بە شێوەیەکی خۆکار ناچالاک دەکرێن.
لیز کەنداڵ، وەزیری تەکنەلۆژیای بریتانیا، ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم هەنگاوانە یارمەتی مێرمنداڵان دەدەن خەوێکی تەندروست تاقیبکەنەوە، سەرنجی زیاتر بخەنە سەر خوێندنەکەیان و کاتی زیاتر لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیاندا بەسەر ببەن.
حکومەتی بریتانیا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا بەپێی یاسا ناچارن پابەندی ئەم رێسایانە بن و لە ئەگەری پێشێلکردنیدا روبەڕووی سزای چاودێریی "زۆر توند" دەبنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت یەکەمین رەشنووسی ئەم یاسایە تا کۆتایی ئەمساڵ پێشکەشی پەرلەمان بکرێت و لە بەهاری 2027ەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.



