لە ناحیەی لەیلان جوتیارێك بەهۆی تەقەی راستەوخۆی چەند كەسێكەوە كوژرا
هەساو ئەمیر
١٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
لە گوندی سیا مەنسوری سەر بە ناحیەی لەیلان جوتیارێك بەهۆی تەقەی راستەوخۆی چەند كەسێكەوە كوژرا، كە دزیان لە دانەوێڵەی جوتیارەكە كردووە.
روداوەكە درەنگانی شەوی رابردوو لە گوندی سیا مەنسوری سەر بە ناحیەی لەیلان رویداوە لە كەركوك، چیرۆكی روداوەكە بە جۆرێك بووە، كە ماوەیەك بووە دانەوێڵەی ئەو جوتیارە دزی لێكراوە، جوتیارەكەش بڕیاری داوە بۆسە دابنێت بۆ دزەكان.
دوای ئەوەی جوتیارەكە و چەند هاوڕێیەكی بۆسە بۆ دزەكان دادەنێن، دەبینن دوو پیاو و ژنێك دانەوێڵەكە دەدزن، ئەوانیش دوایان دەوكەون و لە شوێنێكدا ئۆتۆمبێلی دزەكان لە چاڵێكدا گیر دەبێت، ئەوانیش دەچنە سەریان و لەو كاتەشدا روبەڕووبوونەوە دروست دەبێت و ستار جەباری جوتیار راستەوخۆ گیان لەدەستدەدات و هاوڕێیەكیشی كە بە نەتەوە عەرەبە بریندار دەبێت.
دواتریش دزەكان بە ئۆتۆمبێلی هاوڕێ بریندارەكەی ستار هەڵدێن.
لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەی وردیان لە روداوەكە دەستپێكردووە و گەڕان بەدوای تۆمەتبارەكانیشدا بەردەوامە.



