رێباز بێرکۆتی: هیچ رێگرییەکی یاسایی و شەرعی لە هاوپەیمانیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێدا نییە
سەوسەن سەید
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٦
رێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامە(پرسی رۆژ) رایگەیاند: هەموو لایەنە کوردییەکان لە خەمی هەرێمی کوردستاندان، بەڵام کاتێک مژارەکە دەگاتە سەر شێوازی کارکردن، پڕۆژەی جێبەجێکردنی ئەجێندای حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، لێکتێگەیشتنەکان دەگۆڕێن.
بێرکۆتی لەبارەی دروستبوونی گرژییەکان و هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ نەوەی نوێ ئاماژەی بەوە کرد: هیچ رێگرییەکی یاسایی یان شەرعی نییە بۆ ئەوەی هەر لایەنێکی سیاسی، پێش هەڵبژاردن یان دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان هاوپەیمانی لەگەڵ هێزێکی تردا بکات.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی جەختی لە ئامادەیی لایەنەکەی بۆ گفتوگۆ کردەوە و ئاشکرای کرد: برایانی یەکگرتووی ئیسلامی و بەتایبەت مامۆستا سەلاحەدین بەهادین هەوڵێکی باشیان داوە؛ پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی سەرجەم ئەو هێزە سیاسییانە بکرێت کە خاوەن فراکسیۆنن لە پەرلەمانی کوردستان، هاوکات ئەگەری سازدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیش لەئارادایە بۆ ئەوەی هەموو لایەک بە بەرپرسیارێتییەوە ئەرکی سەر شانی خۆیان جێبەجێ بکەن.



