ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەگۆڕێت بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی
لاڤە
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ رێوڕەسمێكی تایبەت بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆكەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاویكردەوە، لەسەر داواكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیرا، بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی.
سەرۆك مام جەلال رۆڵێكی سەرەكی و یەكلاكەرەوەی هەبوو لە دامەزراندن و هێنانەدیی پڕۆژەی فڕۆكەخانەیەكی نێودەوڵەتی لە سلێمانی، لە سەرەتای ساڵی 2000 بڕیاریدا فڕۆكەخانەكە دروستبكرێت، لە ساڵی 2003 كاركردن لە پڕۆژەكە دەستپێكرد و دوای تەواوبوونیشی لە 21ی تشرینی یەكەمی 2005 یەكەم گەشتی ئاسمانیی بەرەو شاری عەمانی پایتەختی ئوردن ئەنجامدرا.



