وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوە، گرفتی کوژانەوەی گشتیی کارەبا لە بەشێکی پارێزگای دهۆک رویداوە و تیمەکانیش سەرقاڵی چارەسەرکردنین.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا هاووڵاتییانی ئاگادارکردەوە، کە بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوەی وزەدا، کارەبا لە بەشێکی پارێزگای دهۆک بڕاوە.

لەمبارەیەوە، وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئێستادا تیمە هونەرییەکانیان سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی کێشەکەن، بەمەبەستی چارەسەرکردنی خێرا، راشیانگەیاندووە کە لە چەند سەعاتی داهاتوودا پێدانی کارەبا بۆ ئەو ناوچانە ئاسایی دەبێتەوە.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی کارەبا جەختی کردووەتەوە، لەگەڵ هەر پێشهاتێکی نوێ یان گەڕانەوەی تەواوەتیی کارەبا، راستەوخۆ هاووڵاتییان لە رێگەی میدیاکانەوە ئاگادار دەکەنەوە.