گۆڤاری (دێر شپیگل)ـی ئەڵمانی بڵاویکردوەتەوە، حکومەتی بەرلین بەنیازە لە ماوەی دوو مانگدا تەواوی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، گۆڤارە ئەڵمانییەکە ئاشکرای کردوە، حوکمەتی بەرلین بەنیازی کشانەوەی تەواوی هێزەکانییەتی  لەهەرێمی کوردستان و ئەم بڕیارەش دوای هەنگاوەکانی ئەمریکا دێت بۆ کشانەوەی هێزێکی پاراستن لە چوارچێوەی پلانەکانی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی لە ناوچەکەدا.

 بەپێی زانیارییەکانی گۆڤارەکە، کە پشتی بە راپۆرتێکی لێژنەی بەرگریی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بەستووە، پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکان تا کۆتایی مانگی ئەیلوول ی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.

ئەم کشانەوەیە لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا پێشتریش کەمکردنەوەیەکی بەرچاو و گەورەی لە قەبارەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامداوە، ئەمەش بەهۆی ئەو نیگەرانییە ئەمنییە قووڵانەی کە لە لێکەوتەکانی شەڕی ئێرانەوە سەرچاوەیان گرتووە.

جیی باسە بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ئێستادا  نزیکەی 30 سەربازی ئەڵمانی لە سەربازگەیەکدا جێگیرین کە تایبەتە بە هیزەکانی ئەڵمانیا و دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.