دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا بە ئەنجامی (2 - 0) بەرانبەر بە مەغریب و گەیشتنی بە قۆناغی پێش-کۆتایی مۆندیالی 2026، دیدیە دیشامپ، راهێنەری کەڵەشێرەکان، ستایشی ئاستی کیلیان ئیمپاپێی کاپتنی تیمەکەی کرد و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە لەسەر ئەو ئەستێرە فەرەنسییە باس دەکرێت.

دیدیە دیشامپ رایگەیاند، زۆرێک لە خەڵکی پێیان وایە کیلیان دیکتاتۆرێکە و تەنها بیر لە خۆی دەکاتەوە، بەڵام نەخێر ئەو تەواو خەمخۆری ئەوانی ترە و لە خزمەت تیمی نیشتمانیدایە.

راهێنەری فەرەنسا شانازی خۆی بە سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک بۆ قۆناغی پێش کۆتایی مۆندیال دەربڕی و پابەندبوونی هێڵی هێرشبەری و تۆکمەیی پێکهاتەکەی بە خاڵی بەهێزی تیمەکەی دانا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، رکابەرەکانیان هەرچەندی هەوڵ بدەن، ناتوانن بەتەواوی کۆنترۆڵی رەوشەکە بکەن، چونکە مەترسییەکانی یاریزانەکانی دەکرێت لە هەر شوێنێکی یاریگاوە دروست ببن.

دیشامپ سەرکەوتنی تیپەکەی بۆ یەکگرتوویی، هاوسۆزی و دۆستایەتی نێوان یاریزانەکان گەڕاندەوە، بە جۆرێک کە تەنانەت یاریزانانی سەر کورسی یەدەگیش بە تەواوی دڵ و گیان پاڵپشتی تیمەکە دەکەن.

بە بڕوای  راهێنەرەکەی فەرەنسا، یاریزانەکان بە باشی تێگەیشتوون کە یاریکردن لە ریزی فەرەنسادا، بەر لە هەر شتێک، بەستراوەتەوە بە ئەرک و پابەندبوونەوە؛ چونکە ئەم درێسی فەرەنسا لە سەروی هەموو شتێکەوەیە..

لە کۆتاییدا، راهێنەری فەرەنسا لەبارەی یاری داهاتویانەوە، کە رۆژی 14ـی  ئەم مانگە، لەگەڵ رۆژی نیشتمانیی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت رایگەیاند، ئەم پاڵەوانێتییە ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ دڵخۆشکردنی گەلی فەرەنسا و جەختیکردەوە، ئەوان بەرپرسیارێتی ئەوەیان لەسەر شانە، کە وەڵامی هەست و سۆزی خەڵک بدەینەوە و هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ دڵخۆشکردنی سەرجەم ژنان، پیاوان و هاندەرانیان ئەنجامی بدەن.