دەستکەوتێکی مێژویی لە جیهانی پزیشکیدا؛ بۆ یەکەمجار ربۆت نەشتەرگەرییەکی زیندوی ئەنجامدا
بڵند
١٠ی تەمووزی ٢٠٢٦
لەنوێترین پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای پزیشکیدا، توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا سان دیگۆ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا توانییان رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ (Humanoid) بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی زیندوو لە قۆناغی پێش-کلینیکیدا بەکاربهێنن، کە ئەمەش وەک وەرچەرخانێک دەبینرێت بۆ لەمەودوا و دەستپێکی نەوەیەکی نوێی نەشتەرگەری رۆبۆتی.
بەپێی ئەو توێژینەوەیەی لە گۆڤاری زانستیی بەناوبانگی نیچەر (Nature) بڵاوکراوەتەوە، لە تاقیکردنەوەی یەکەمدا تیمێک، کە پێکهاتبوون لە رۆبۆتێکی هاوشێوەی مرۆڤ و پزیشکێکی پسپۆڕ، توانییان بە سەرکەوتوویی نەشتەرگەری لابردنی زراو بۆ ئاژەڵێک ئەنجام بدەن، هاوکات لە تاقیکردنەوەیەکی تریشدا دوو رۆبۆتی تر بە شێوازی هاوبەش و لە یەک کاتدا هەمان نەشتەرگەرییان بەڕێوەبرد.
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، کە جیاوازی سەرەکی ئەم رۆبۆتانە لەگەڵ سیستمە باوەکانی ئێستای نەشتەرگەری رۆبۆتی ئەوەیە کە پێویستیان بە ئامێری تایبەت نییە، بەڵکو بەهۆی پێکهاتە هاوشێوەکەیان لەگەڵ مرۆڤ، دەتوانن کەرەستە و ئامرازە ئاساییەکانی ژوری نەشتەرگەری بەکاربهێنن و نەرمیەکی زیاتر لە ژینگەی پزیشکیدا نیشان بدەن.
شارەزایان پێیان وایە لە ئەگەر پەرەسەندنی زیاتر و وەرگرتنی مۆڵەتی رەسمی، ئەم پزیشکە رۆبۆتانە، دەتوانن لە داهاتوودا شۆڕشێک لە کەرتی تەندروستیدا دروست بکەن؛ بەجۆرێک کە لە ناوچە گوندنشین و کەم داهاتەکان، بەرەکانی جەنگ و تەنانەت لە گەشتە ئاسمانی و بۆشاییەکانیشدا بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری خێرا بەکاربهێنرێن.
ئەم تەکنەلۆجیایە دەرفەتی نەشتەرگەری لەڕێی دوورەوە (Tele-surgery) دەڕەخسێنێت و فشارێکی زۆر لەسەر پزیشکانی مرۆڤ کەم دەکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، تیمی توێژینەوەکە جەخت دەکەنەوە کە ئەم داهێنانە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە و پێش ئەوەی لەسەر نەخۆشی مرۆڤ تاقی بکرێتەوە، پێویستی بە تاقیکردنەوەی وردتر و بەدەستهێنانی رەزامەندییە یاسایی و پزیشکییەکان هەیە.



