ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە جەختدەكاتەوە پێویستە ناسنامە و مافەكانی گەلی كورد لە چوارچێوەی دەستوور و یاساكانی توركیا بە رەسمی بناسرێن و جێگیر بكرێن.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە توركیادا لێرە و لەوێ ناوی كورد بەكاردەهێنرێت، بەڵام لە رووی دەستووریی و سیاسی و یاساییەوە هێشتا هیچ بوونێكی نییە، بۆیە پێویستە لە زووترین كاتدا ناسنامە و زمان و كلتوور و مافەكانی گەلی كورد بخرێنە ناو چوارچێوە یاساییەكانەوە و بە رەسمی باسبكرێن و دانیان پێدا بنرێت.

قەرەسوو ئاماژەی بەوەشكرد، دەركردنی یاسایەكی بنەڕەتی و چارەسەریی، زەمینە بۆ تێڕوانینی گشتی بەرانبەر دۆزی كورد خۆش دەكات، تەنانەت ئەگەر نەشتوانرێت هەموو كێشەكان لە یەك كاتدا چارەسەر بكرێن.

ئەو ئەندامەی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە داواشی كرد، كێشەی كورد تەنها لە گۆشەنیگای چەكداناندا كورت نەكرێتەوە، بەڵكو ژینگەیەكی ئازاد بۆ كاری سیاسیی دیموكراتی فەراهەم بكرێت كە تێیدا كۆمەڵگەیەكی رێكخراو و خاوەن ئیرادە گەشە بكات.