میسڕ بە رەسمی سکاڵا لە دژی ناوبژیوانی یارییەکەی ئەرجەنتین پێشکەشی فیفا دەکات
سەوسەن سەید
٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی میسڕ ئاشکرایان کردووە کە یەکێتیی تۆپی پێی میسر سکاڵایەکی رەسمی پێشکەشی یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) کردووە لە دژی فڕانسوا لێتێکسیێ، ناوبژیوانی فەرەنسی کە دادوەریی یارییەکەی نێوان میسڕ و ئەرجەنتینی لە مۆندیالی 2026دا کردووە.
یارییەکەی نێوان میسر و ئەرجەنتین کە لە شاری ئەتڵانتا بەڕێوەچوو، مشتومڕێکی زۆری ناوبژیوانیی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش دوای هەڵوەشاندنەوەی گۆڵێکی هەڵبژاردەی میسڕ و هەژمارکردنی گۆڵێکی تر بۆ ئەرجەنتین، سەرەڕای هەبوونی گومان لەسەر لێدانی سزایەک بۆ محەمەد سەڵاح.
هەڵبژاردەی میسڕ دوای ئەوەی بە دوو گۆڵی بێبەرانبەر پێشکەوت، بەهۆی شکستخواردنی بە ئەنجامی(3-2) لەسەر دەستی پاڵەوانی جیهان، دەرفەتی سەرکەوتنێکی مێژویی بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی مۆندیال لەدەستدا.
لەم بارەیەوە، ئەحمەد عەبدولباست، رۆژنامەنووسی میسڕی لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "فەیسبووک" پشتڕاستی کردەوە کە یەکێتیی تۆپی پێی میسڕ لە هەڵوێستێکی رەسمی و بەپەلەدا، داوای لە فیفا کردووە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ناوبژیوانە فەرەنسییەکە و تیمی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆیی یاریدەدەر (VAR) بکات و لە مۆندیال دووریان بخاتەوە.
ناوبراو روونیشی کردەوە: هانی ئەبو ریدە، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی میسڕ سکاڵایەکی پێشکەشی فیفا کردووە، ئەمەش دوای ئەو هەڵە کوشندانەی ناوبژیوانی کە لەلایەن تیمی داوەرانەوە کراون و پەیڕەکردنی سیاسەتی دوو فاقانە (پێوانەکردن بە دوو پێوەر).
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەبو ریدە داوای لێکۆڵینەوەی لەگەڵ تیمی ناوبژیوانی ڤیدیۆیی (VAR) کردووە بەهۆی هەڵە زەقەکان و پێداگرییان لەسەر پێداچوونەوە نەکردن بە هەندێک لە دیمەنەکاندا.
هەروەها ئەبو ڕیدە داوای کردووە کە دوای لێکۆڵینەوە لەم هەڵانە و سەلماندنی تاوانی جیاکاری لە دژی هەڵبژاردەی میسڕ کە بووە هۆی دۆڕاندنی یارییەکە و چوونەدەرەوەی لە پاڵەوانێتییەکە، ناوبژیوانەکە و تەواوی تیمی ناوبژیوانی بە گشتی لە مۆندیال دووربخرێنەوە.



