سوپای ئەمریكا زیاتر لە 80 ئامانجی لەناو ئێران پێكا و سوپای پاسدارانی ئێرانیش وەڵامیدانەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا- سێنتكۆم لە راگەیەنراوێكدا لە ئێكس ئاشكرایكرد، لە نوێترین هێرشەكانیدا دژی ئێران، زیاتر لە 80 ئامانجی پێكاوە، وتیشی ئەو هێرشانە وەك وەڵامێك بوون بۆ ئەو پەلامارانەی كە كرانە سەر سێ كەشتیی بازرگانی لە گەروی هورمز و تۆمەتەكەی ئاڕاستەی تاران كرابوو.

وتیشی، هێزەكانی ئەمریكا سیستەمەكانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، تۆڕەكانی فەرماندەیی، پێگەكانی راداری كەناراوەكان، تواناكانی موشەكی دژە كەشتی، و زیاتر لە 60 بەلەمی بچووكی سەر بە سوپای پاسدارانیان لەناو گەروی هورمز و دەوروبەریدا كردووەتە ئامانج.

لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی تەلەفزیۆنی رەسمی وڵاتەكەیانەوە رایگەیاند، وەك وەڵامێكی سەرەتایی بۆ ئەو هێرشانە، بە بەكارهێنانی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، 85 دامەزراوەی سەربازگەی سەرەكیی ئەمریكایان لە كوەیت و بەحرەین كردووەتە ئامانج، هاوكات فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی لە جۆری ئێم كیو – 9 یان خستووەتە خوارەوە.