دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە دیمەشق بیسترا
محەمەد رزگار
٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بیسترا، ئاژانسی رۆیتەرزیش لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، تەقینەوەکان لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە ئەنجامدراون.
بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، تەقینەوەکان لە نزیک ئەو هۆتێلە رویانداوە کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای تێدا ماوەتەوە، هاوکات سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایانکردووە، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ماکرۆن تەنها ماوەیەکی کەم بەر لە رودانی تەقینەوەکان، ناوچەکەیان بەجێهێشتووە و زیانیان پێ نەگەیشتووە.
میدیاکانی ناوچەکە ئەوەشیان خستەڕوو، بەهۆی ئەو تەقینەوانەی دیمەشقەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون.
راشیانگەیانووە، لە یەکێک لە قەرەباڵغترین شەقامەکانی دیمەشقی پایتەخت، دوو بۆمب کە یەکێکیان لەناو مینی پاسێک و ئەوی دیکەیان لەناو تەنەکەیەکی خۆڵدا دانرابوون، تەقینەوە.
لەلایەکی ترەوە وەزارەتی ناوخۆی سوریا ئەوەی خستەڕوو، لە تەقینەوەكانی دیمەشق 18 كەس برینداربوون کە چوار لە بریندارەکان کارمەندی پۆلیسن.
هاوکات کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا 'ئیلیزێ' ئاشکرایکرد، ئیمانیۆڵ ماكرۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەلامەتە، ئاگاداری تەقینەوەكان نەبووە.



