نەیمار دوای ماڵئاواییکردنی بەڕازیل لە مۆندیال وازهێنانی خۆی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند
سەوسەن سەید
٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
نەیمار جۆنیۆری ئەستێرەی دێرینی بەڕازیلی و هێرشبەری یانەی سانتۆس، دوای ماڵاواییکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە ڕکابەرییەکانی مۆندیال، وازهێنانی خۆی لە یاریی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند.
نەیمار دوای دۆڕانیان بە ئەنجامی 1 - 2 بەرامبەر نەرویج وتی: من هەوڵم دا، و بەردەوام بووم لە هەوڵدان، هەروەها وتیشی: من کاروانی وەرزشی خۆم لێرە لە یاریگای مێتلایف دەستپێکرد، و هەر لێرەش کۆتایی پێهات. ئێستا هەموو شتێک کۆتایی هات.
بەم شێوەیە، نەیمار (تەمەن 34 ساڵ) پەردەی لەسەر کاروانێکی وەرزشی نێودەوڵەتی لادا کە 16 ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردبوو، تێیدا لە کۆی 130 یاری نێودەوڵەتیدا، 80 گۆڵی تۆمارکرد و 59 گۆڵیشی دروستکرد.
ئەم ئەستێرە دێرینە وەک دووەم یاریزان کە زۆرترین بەشداریی بە درێسی بەڕازیلەوە هەبێت ماڵاوایی لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکات، هاوکات گۆڵکاری مێژوویی وڵاتەکەیەتی و پێش پێلێی ئەفسانەی کۆچکردوو کەوتووە.
نەیمار نەیتوانی کۆنتڕۆڵی هەستەکانی خۆی بکات دوای چوونە دەرەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە پاڵەوانێتی جامی جیهانیی تۆپی پێی 2026 کە لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
بەڕازیلییەکان، کە 5 جار بوونەتە پاڵەوانی جیهان و کۆتا دانەیان لە مۆندیالی 2002ی کۆریای باشور و ژاپۆن بوو، دوای دۆڕانیان بە ئەنجامی 1 - 2 بەرامبەر نەرویج لە قۆناغی 16دا، ماڵاواییان لە ڕکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.
نەیمار یارییەکەی لەسەر کورسی یەدەگ دەستپێکرد، و لە خولەکی 67دا وەک یاریزانی جێگرەوە لە شوێنی گابرێل مارتینێلی، یاریزانی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی هاتە ناو یاریگا.



