تیدرۆس ئەدهانۆم: هۆکارەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی راست نین
محەمەد رزگار
٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: ئەو هۆکارانەی ئەمریکا پێشکەشی کردووە بۆ کشانەوە لە رێکخراوەکە راست نین.
تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، وەک ئەندامێکی دامەزرێنەر لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە لە زۆرێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی رێکخراوەکە، لەنێویاندا نەهێشتنی ئاوڵە، هەروەها رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەمیشە رێزێکی تەواوی لە سەروەریی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەموو دەوڵەتە ئەندامەکان گرتووە.
وتیشی، بەداخەوە، ئەو هۆکارانەی کە بۆ بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کشانەوە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاتوون، راست نین.
لە راگەیەنراوێکدا، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە وردی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئاراستەی کردبوون، کە ئەمریکا پێشتر راگەیاندبوو، هەموو ئەو شتانەی کە واشنتۆن بۆی کردبوو، ناشرینی کردووە و و تێکی داوە.
هەروەها رێکخراوەکە ئەو تۆمەتەی ئەمریکا رەتدەکاتەوە کە گوایە "رێگری کردووە لە ئاڵوگۆڕی گونجاو و دروستی زانیاریی گرنگ لە کاتی خۆیدا" بەتایبەت لە کاتی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند ، هیوادارە "ویلایەتە یەکگرتووەکان لە داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنێکی چالاکانە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا".



