وتەبێژی سوپای پاکستان: بە مەبەستی بەرگریی و راهێنان هێزەکانمان لە سعودییە ئامادەییان هەیە
بڵند
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
وتەبێژی سوپای پاکستان، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم رێکارە پێویستەکان بەمەبەستی بەرگریکردن لە سعوودیە لە چوارچێوەی "پەیمانی مەککە" راگەیاند و جەختی کردەوە کە پابەندبوونی ئیسلامئاباد بە ئاسایشی ریازەوە، بابەتێکە جێگەی دانوستان نییە.
ئەحمەد شەریف چۆدری، وتەبێژی سوپای پاکستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ئاماژەی بەوە کرد، جێبەجێکردنی کردەیی بڕگەکانی پەیمانی مەککە، رێکارەکانی جێگیرکردنی خێرای هێز و توانا سەربازییەکان لە خاکی سعودیەدا دەگرێتەوە.
ناوبراو پشتڕاستیشی کردەوە، کە لە ئێستادا هێزەکانی پاکستان بە ئەرکی بەرگریی، پاڵپشتی و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی لەو وڵاتەدا جێگیر کراون.
هاوکات وتەبێژی سوپای پاکستان ئەوەشی خستە ڕوو، کۆبوونەوەی ڕۆژی 26ی تشرینی یەکەمی نێوان نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە پەیمانی مەککە لەگەڵ لێپرسراوانی تاران، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگییە ناوچەییەکان بەڕێوەچووە.
پەیمانی مەککە رێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەشە کە لە نێوان هەریەکە لە سعوودیە، پاکستان و تورکیادا ئیمزا کراوە و بەپێی ناوەڕۆکەکەی، هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەو وڵاتانە، وەک هێرش بۆ سەر هەرسێ وڵاتەکە هەژمار دەکرێت.


