هەزاران كەس لە فەرەنسا بۆ پشتیوانیكردن لە رۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندانیان كرد، داوایانكرد پاریس هەڵوێستی هەبێت و  پشتیوانیی بۆ كورد دەرببڕێت.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری پۆلیسی فەرەنسا بڵاویكردەوە، نزیكەی دە هەزار كەس لەو وڵاتە بۆ پشتیوانیی كوردانی رۆژئاوا بە دروشتی "كوردستان سەردەكەوێت و كۆبانێ ناكەوێت" خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

ئاژانسی فرانس پرێس راشیگەیاند، خۆپیشاندەران داوایان لە حكومەتی فەرەنسا كرد پشتیوانیەكانی خۆی بۆ باكوری رۆژهەڵاتی سوریا زیاد بكات، وتیشیان جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانە بۆ لە ئێستادا ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەرگریی لە گروپە چەكدارەكانی سوریا دەكات.

ئەم خۆپیشاندانە لە كاتێكدایە كە لە كوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكاش، شەپۆلێك لە خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت دژی بێهەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پشتكردن لە شەڕڤانان هەسەدە كە پێكەوە بۆ ماوەی چەندین ساڵ شەڕی دژی داعشیان كردووە.