مارین لۆپێن، سەرۆکی گروپی گردبوونەوەی نیشتمانی لە پەرلەمانی فەرەنسا رەخنەی توند لە ئیمانیۆل ماکرۆن دەگرێت و دەڵێت، کوردەکان کە شەڕی داعشیان کرد بەتەنیا جێهێڵراون و دەمرن، لە کاتێکدا سەرۆکی فەرەنسا فەرشی سوور بۆ "جیهادییەک" رادەخات.

لۆپێن لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت: "کوردەکان دەمرن، ئەو کوردانەی بە بوێرییەوە شەڕی تیرۆریستانی داعشیان کرد، ئێستا بە ترسنۆکانە جێهێڵراون و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چاوی خۆی لێ داخستوون".

سەرکردەکەی راستڕەوەکانی فەرەنسا هێرشی کردووەتە سەر ماکرۆن و نووسیویەتی: "چی بڵێین بە ئیمانیۆل ماکرۆن کە جارێکی تر بە شێوەیەکی تراژیدی شکستی هێنا، ئەو کەسەی بە پەلە فەرشی سووری بۆ سەرۆکە خۆسەپێنەکەی سوریا ڕاخست کە جیهادییەکە و لە داعش و قاعیدەوە هاتووە".

لۆپێن جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە پێدانی شەرعییەت بە ئیسلامی سیاسی، سەرۆک کۆمار بەرپرسیارێتییەکی قورسی لە ئەستۆیە بەرامبەر چەوساندنەوەی کەمینەکان لە سوریا.