ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەی بەرانبەر بە لێدوانەکانی مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، داوای لێپرسینەوەی لەو وڵاتانە کرد کە هاوکاری ئەمریکایان کردووە لە هێرشەکاندا.
بەقایی رایگەیاند ئەو وڵاتانەی هاوکری ئەمریکایان کردوە بەهۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و "بەشداریکردن لە کردەوەی دەستدرێژیکارانە دژی گەلی ئێران" دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.
ئەم کاردانەوەیەی ئێران دوای ئەوە هات، کە مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئاشکرای کرد، کە لە کاتی ئۆپراسیۆنی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، فڕۆکە ئەمریکییەکان لە فڕۆکەخانەکانی ئیتالیا و رۆمانیاوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فڕیون.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران قسەکانی سکرتێری گشتی ناتۆی وەک "دانپێدانانێکی ئاشکرا و شەرمەزارکەر بە هاوکاری چالاکانەی ناتۆ لە شەڕێکی نایاساییدا" دژی وڵاتێکی سەربەخۆی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسف کرد.
بەقایی بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئیتاڵیا و رۆمانیای تۆمەتبار کرد بە بەشداریکردن لە تاوانەکانی جەنگ دژی ئێران و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئیتاڵیا و رۆمانیا، لەگەڵ هەر وڵاتێکی تری ئەوروپی کە هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیلیان کردووە، دەبێت بۆ گەلانی خۆیان و جیهان ڕوون بکەنەوە بۆچی بەشدار بوون لەم دەستدرێژییەدا.
لە بەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا دوای لێدوانەکانی سکرتێری گشتیی ناتۆ رونکردنەوەی دا و رایگەیاند کە ئەوان تەنها رێگەیان بە فڕۆکە لۆجستی و پشتیوانییەکان داوە کە بەشدارییان لە چالاکییە هێرشبەرییەکاندا نەکردووە.