ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، رافائیل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ بەشداری لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکادا بانگهێشتی رۆما کراوە.

سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، گروسی بەشداری لە دانیشتنە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان تاران و واشنتن دەکات کە بڕیارە ڕۆژی شەممە 19ـی نیسان لە پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رۆژی چوارشەممە گەیشتووەتە تاران و لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەتەوە، هەروەها رۆژی پێنجشەممەش لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دیداری کردووە.

پێش سەردانەکەی بۆ ئێران، گروسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لومۆندی فەرەنسی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێی باشە لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا بەشدار بێت، چونکە ئاژانسەکەی "بەرپرسی پەسندکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و ئەمەریکایە".

گروسی هەروەها رایگەیاندووە، "هەر رێککەوتنێک بەبێ ئاژانس بکرێت، تەنیا پارچە کاغەزێکە"، چونکە پێویستە سیستمێکی بەهێزی چاودێری و خستنەرووی راستییەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەبێت کە ئەو کارەش تەنیا بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جێبەجێ دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتی هۆشداری داوە کە "ئێران مەودایەکی زۆری لەگەڵ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە" و "مەوادی پێویست بۆ دروستکردنی چەند بۆمبی ئەتۆمی هەیە، بەڵام هێشتا چەکی ئەتۆمی دروست نەکردووە".

لەلایەکی دیکەوە، کازم غەریب‌ ئابادی، جێگری کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتیی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکا بە لێکتێگەیشتنێکی بەردەوام بگەن و جەختیشی کردووەتەوە کە گفتوگۆکانیان "تەنیا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و سزاکانی ئەمەریکا دەبێت و لەسەر هیچ بابەتێکی دیکە دانوستان ناکەن."