سەرۆك وەزیرانی عیراق لە سەردانێكی خێردا بۆ قەتەر كۆبوونەوەی لەگەڵ میری قەتەر و سەرۆكی نوێی سوریا ئەنجامدا.

سەرچاوەیەكی نزیك لە حكوومەتی عیراق ئاماژە بەوە دەكات، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە سەردانێكی خێردا بۆ قەتەر، چاوی بە هەر یەك لە میری ئەو وڵاتە و سەرۆكی نوێی سوریا كەوتووە.

سەرچاوەكە رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سودانی چاوی بە شێخ تەمیم حەمەد ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەر و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی نوێی سوریا كەوتووە.

بەپێی قسەی سەرچاوەكە، لە دانیشتنە سێقۆڵییەكەدا، هەرسێ بەرپرس باسیان لە روداو و پێشهاتەكانی سوریا و ناوچە كردووە.

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە سودانی پێی راگەیاندوون، عیراق بە وردی و لە نزیكەوە چاودێری پێشهاتەكانی سوریا و بوونی سوپای ئیسرائیل لە سوریا دەكات.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سوودانی جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی عیراق كردووەتەوە لە پشتگیریكردنی سوریا بۆ پرۆسەی گشتگیریی سیاسی لەو وڵاتە و پاراستنی پێكهاتەكان و فرەیی كۆمەڵایەتی، ئایینی و نیشتمانی و پاراستنی پیرۆزییە ئایینییەكان.

هەروەها سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە سودانی پشتیوانی لە هەنگاوەكانی حكوومەتی نوێی سوریا كردووە بۆ روبەڕوبوونەوەی چەكدارانی داعش.