ئێران بۆ ئەمریکا: ئیسرائیل دەیەوێت دانوستانەکان تێکبدات
رەوەز
١٧ی نیسانی ٢٠٢٥
فاتیمە موهاجیرانی، وتەبێژی حكومەتی ئێران هۆشداری توندی ئاراستەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كرد و رایگەیاند، لێدوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دەبێتە هۆی وەستانی دیپلۆماسیەتی نێوان هەردوو وڵات.
لە لێدوانێكدا ئەمڕۆ پێنجشەممە، موهاجیرانی بە توندی رەخنەی لە هەڵوێستی ئەمەریكا گرت و رایگەیاند "لێدوانی سەرۆك ترەمپ لەبارەی راگرتنی یەكجارەكی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەبێتە هۆی وەستانی تەواوی دیپلۆماسیەتی نێوان تاران و ئەمریکا لەم دۆسیەیەدا."
گوتەبێژی حكوومەتی ئێران ئاماژەی بەوەدا كە پێشنیازیی ئەمەریكا بۆ راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ناجیدیبوونی ئەمریکا لە گەیشتن بە هیچ چارەسەرێكی دیپلۆماسی.
موهاجیرانی جەختی لەوە كردەوە كە "بنەمای دانوستانەكان بریتییە لە دڵنیاكردنەوەی ئەمەریكا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و لە بەرانبەریشدا هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران"، هەروەها رونی كردەوە كە "سەپاندنی زیاتری سزاكان وا دەكات تاران هیچ متمانەیەكی بە ئەو وڵاتە نەبێت."
وتەبێژی حكومەتی ئێران بە تایبەت جەختی كردەوە كە دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا "تەنیا پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەوە هەیە نەك هیچ دۆسیەیەكی دیكە."
لە كۆتاییدا، موهاجیرانی ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد بە هەوڵدان بۆ "تێكدانی دانوستانەكان" و داوای لە ئەمریكا كرد "ئاگاداری ئەم هەوڵانە بێت."
شایەنی باسە ئەم گرژیە دیپلۆماسیە لە كاتێكدا دێت كە پێوەندیەكانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە چەند مانگی رابردودا بەرەو خراپتربون چووە.