سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە سەرکردەکانی ئێران و جەخت لە پێویستی رێککەوتنێکی تر دەکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرکردەکانی ئێران لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان خەریکی دانوستانن، بەڵام لە ترسی گەلەکەیان ئەو ڕاستییە دەشارنەوە و نکۆڵی لێ دەکەن.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی توانیویەتی کۆتایی بە هەشت جەنگ بهێنێت و لە ئێستاشدا لە جەنگ دژی ئێران سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، وتیشی: "دانوستانکارانی ئێرانی دەترسن لەسەر دەستی گەلەکەیان بکوژرێن، بۆیە پەلەیانە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن."

ترەمپ جەختیشی کردەوە، هێزەکانیان هەموو شتێکیان لە ناو ئێران تێکشکاندووە و دەیانەوێت سەرکەوتنی تەواوەتی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیاندا لە ناو خاکی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنن.

هاوکات، کۆشکی سپی هۆشداریی توندی دایە تاران و رایگەیاند، ئەگەر ئێران واقیعی ئێستا قبوڵ نەکات و دان بە شکستی سەربازیی خۆیدا نەنێت، ئەوا ڕووبەڕووی هێرشی زۆر توندتر دەبێتەوە.

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ گەرەنتی ئەوە دەکات کە گورزی کەمەرشکێن ئاڕاستەی تاران بکرێت ئەگەر ئامادەی رێککەوتن نەبن، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە تاران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت و هەڕەشەکانی بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رابگرێت.