کەشتییەکی نەوتهەڵگری تورکی لە دەریای رەش لەلایەن درۆنێکەوە کراوەتە ئامانج
محەمەد رزگار
٢٦ی ئازاری ٢٠٢٦
وێنە؛ ئەرشیف
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، کەشتیی نەوتهەڵگری "ئەلتورا"ـی تورکی، لە دەریای رەش، لەلایەن درۆنێکەوە کراوەتە ئامانج.
کەناڵی "NTV"ـی تورکی بڵاویکردەوە، لە دەریای رەش و لە نزیک کەناراوەکانی ئیستەنبوڵ، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە هێرشکراوەتە سەر ناقلەیەکی نەوتی کۆمپانیای "ALTURA"ی تورکی کە بڕی 140 هەزار تۆن نەوتی خاوی روسی هەڵگرتبوو.
بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە لە دووری 15 میلی دەریایی لە گەرووی بۆسفۆرەوە ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی تەقینەوە لەسەر کەشتییەکە و دزەکردنی ئاو بۆ ناو ژووری بزوێنەرەکان، بەو هۆیەشەوە تیمی ناو کەشتییەکە داوای هاوکاریی بەپەلەیان کردووە.
لای خۆشیەوە ماڵپەڕی "هابەر دەنیزدە"ی تایبەت بە کاروباری دەریایی ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی برینداربوونی تیمی ناو کەشتییەکە نییە کە لە 27 کەس پێکهاتوون، هاوکات هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکان و کەشتیی "نینی خاتوون" بۆ فریاگوزاریی خێرا رەوانەی شوێنی روداوەکە کراون.
کەشتییەکە لە جۆری "سویزماکس"ە و نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی "ئۆرال"ی روسی بارکردووە؛ جێی ئاماژەیە کەشتیی "ئالتورا" لەلایەن بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام لە لیستی سزاکانی ئەمریکادا نییە.


