قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لەگەڵ هەردوو سکرتارییەتی کۆمەڵەی خوێندکاران و رێکخراوی ئازادی لاوان کۆبووەوە و رایگەیاند، "هەوڵی جدی هەیە بۆ ئەوەی پێگەی گەنجان لەناو رێکخستن و ناوەندەکانی بڕیاری یەکێتیدا بەهێزتر بکەن".
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە (4/4/2026) لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا سەرۆک و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم قۆناغەدا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە گرنگی بە رۆڵی گەنجان و خوێندکاران لەناو ریزەکانی یەکێتیدا دەدەن و هەوڵی جدی هەیە بۆ ئەوەی پێگەی گەنجان لەناو رێکخستن و ناوەندەکانی بڕیاری یەکێتیدا بەهێزتر بکەن.
لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە ئاماژەدان بە کێشە و گرفتەکانی گەنجان و خوێندکاران لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا، بە پێویستی زانی کۆمەڵەی خوێندکاران و رێکخراوی ئازادی لاوان زیاتر لە کێشە و گرفتەکانی گەنجان و خوێندکاران بکۆڵنەوە و هەوڵ بدەن بە بیرۆکە نوێ و ئامادەکردنی پلان و پرۆژەی گونجاو تیمی یەکێتی لە حکومەت و سەکردایەتی یەکێتی بەرچاوڕوونتر بکەن لە چۆنییەتی هاوکاری کردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی گەنجان و خوێندکاران.