لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە ئاگادارییەکی بڵاوکردوەتەوە و ئاڕاستەی سەرجەم بەشداربوان و خاوەن کۆشکەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە کردەوە و تێیدا جەختی لەسەر ئەرکی بەکارهێنانی کەلوپەلی ژینگەدۆست کردوەتەوە.
بەپێی ئاگادارییەکە، لە پێناو پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانییان، ژینگەی شارەکە و سروشتی ناوچەکە، سەرجەم بەشداربووان پابەند دەکرێن، کە تەنها پێداویستیی دۆستی ژینگە بۆ پێشکەشکردنی خواردن و بەرهەمەکانیان بە گەشتیاران بەکاربهێنن و بەکارهێنانی هەر بابەتێکی پلاستیکی بە هەموو جۆرێک قەدەغە دەکرێت.
لیژنەکە کۆمەڵێک رێنمایی بڵاوکردوەتەوە؛ لەوانە ئیمزاکردنی بەڵێننامەی یاسایی لەلایەن بەشداربووانەوە پاش دەرچوونی ناوەکانیان بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکەوە.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە لە کاتی بەسەرکردنەوەی لیژنەکاندا هەر بەشداربویەک پابەند نەبێت، دەستبەجێ مافی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکەدا لێ دەسەندرێتەوە و دووردەخرێتەوە.
لە هەمان کاتدا، بەشداربووان ئازاد کراون لە هەڵبژاردنی هەر کۆمپانیا و لایەنێک بۆ دابینکردنی پێداویستییە ژینگەدۆستەکان بە کەمترین نرخ و لە کۆتاییدا داوا لە هەموو لایەک کراوە بەدەم ئەم هەنگاوەوە بێن بۆ بەرزڕاگرتنی ئاستی شارستانیی فێستیڤاڵەکە.