وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق رێککەوتنێکی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئیمزا کرد، بە مەبەستی زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی وەرگرتنی هاوبەشی خوێندکاران بۆ 1250 کورسی.
وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق رایگەیاند، بە رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، رێککەوتن لەسەر زیادکردنی کورسییە هاوبەشەکانی نێوانیان بە جۆرێک، لە خوێندنی بەکالۆریۆس ژمارەی کورسییەکان لە 400 کورسییەوە بۆ 1000 خوێندکار زیاد کرا، بۆ پلەکانی ماستەر و دکتۆراش ژمارەکە 100 کورسییەوە کراوە بە 250 کورسی.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارە لە کۆبونەوەیەکی بەرفراواندا هاتوە، بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبد زەهد، بریکاری وەزارەت و بە ئامادەبونی سەباح ئیبراهیم وەێس، راوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی فەرمانگەکانی خوێندن.
هاوکات لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی دۆسیە زانستییە هاوبەشەکان و میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی ئەرکادیمی و چارەسەرکردنی کێشە ئیداری و فنییەکانی بەردەم پڕۆسەی وەرگرتنی هاوبەش و یەکسانکردنی بڕوانامەکان کرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، ئەنجامی کۆبونەوەکە بریتی بوو لە فراوانکردنی ئاسۆی وەرگرتنی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو؛ بە جۆرێک لە خوێندنی بەکالۆریۆس ژمارەی کورسییەکان لە 400 کورسییەوە بۆ 1000 خوێندکار زیاد کرا، بۆ پلەکانی ماستەر و دکتۆراش ژمارەکە 100 کورسییەوە بۆ 250خوێندکار بۆ هەردوولا بەرز کرایەوە.