مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فاکس نیوز رایگەیاند، ئێران لەلایەن رێبەرانی ئایینیی توندڕەوەوە بە دیدگایەکی ئاخیرزەمانییەوە بەڕێوەدەبرێت، جەختیش دەکاتەوە، نابێت کەسانێک بەم جۆرە بیرکردنەوەیەوە هەرگیز دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت؛ ئەگەر ئێران دەستی بگات بە چەکی ئەتۆم، ئەوا بۆ باج وەرگرتن لە جیهان و کوشتنی خەڵک بەکاری دەهێنێت و ئەم رەوشەی بە مەترسییەکی قبوڵنەکراو ناوبردوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ توندکردنەوەی هەڵمەتی سزاکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئابوریی ئێران بە خێرایی بەرەو کارەساتێکی گەورە هەنگاو دەنێت.
وەزیرەکەی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات بە بڕیاری دەسەڵاتدارانی تاران، بەشێکی زۆری سامانی وڵاتەکە لەبری دروستکردنی نەخۆشخانە، رێگاوبان و باشکردنی ژیانی هاوڵاتییان، بۆ پشتگیریی دارایی حزبۆڵا، میلیشیاکانی عیراق، پشتیوانیکردنی تیرۆر، دروستکردنی چەک و پیلانی تیرۆرکردن لە جیهاندا خەرج دەکرێت.
هەروەها باسی لەوەشکردوە، سەپاندنی سزای زیاتر و سنوردارکردنی داهاتی نەوتی ئێران توانای دارایی دەسەڵاتی ئێرانی بۆ ئەو چالاکییانە کەم دەکاتەوە و جەختیشی کردەوە، بە روبەڕوونەوەی بەرنامە ئەتۆمیەکەی تاران، سەرۆکی ئەمریکا کێشەیەکی زۆر گەورەی لە کۆڵ جیهان کردووەتەوە.