رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆندۆر کە 13 خەڵاتە بۆ یەکەم جار لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 26ـی 10ـی 2026، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆندۆر لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنی شوێنەکەش وەک گەڕانەوەیەکە بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا کە لە ساڵی 1956 براوەی یەکەم خەڵات خەڵکی بەریتانیا بوو.
بەپێی زانیارییەکان، سێ پێوەر هەن بۆ هەڵبژاردنی یاریزانەکان، ئەوانیش ئاستی تاکەکەسی، نازناو لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی، هەروەها رەوشتی یاریزانەکە لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگا.
30 یاریزانی پیاو کێبڕکێی بەدەستهێنانی باڵۆندۆر دەکەن، کیلیان ئێمباپێ، هاری کەین، لامین یامال، لێۆنێل مێسی، رۆدری، ئیرلینگ هالاند؛ ئەمانە دیارترینیانن.
لە هەمان کاتدا 30 یاریزانی ژنیش کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی باڵۆندۆری ژنان.
لە مێژووی دابەشکردنی خەڵاتەکەدا، لیۆنێل مێسی زۆرترین جار بەدەستیهێناوە کە 8 جارە، هەروەها ریکۆردی زۆرترین بەدەستهێنانی بەسەریەکەوەی هەیە کە 4 جارە، دوای ئەویش کریستیانۆ رۆناڵدۆ دێت کە 5 جار بووەتە براوەی باڵۆندۆر.
لە رێوڕەسمەکەدا ئەم خەڵاتانە دابەشدەکرێن
- باشترین یاریزانی ژن و پیاو
- باشترین یاریزانی لاو، خوار تەمەن 21 ساڵ بۆ ژن و پیاو
- باشترین گۆڵپارێزی ژن و پیاو
- باشترین گۆڵکاری ژن و پیاو
- باشترین راهێنەری ساڵ بۆ ژن و پیاو
- باشترین یانەی ساڵ بۆ ژنان و پیاوان
- خەڵاتی ئەو یاریزانانەی کار و چالاکی مرۆییان هەبووە
کۆتا جار، ساڵی 2025، عوسمان دێمبڵی لە یانەی پاریس سانجێرمان بووە براوەی باڵۆندۆر و بۆ ئەمساڵیش لە لیستی کاندیدەکاندایە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا، کاریگەریەکانی جەنگی ئێران زیاتر لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەردەکەوێت و بۆیەکمجاریش دۆناڵد ترەمپ دانەبەوەدا دەنێت بەرزبونەوەی نرخی نەوت هۆکارەکەی ئێرانە.
رۆژی 3ـی11ـی2026 هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت؛ بە گوێرەی راپرسییەکی ناوخۆی ئەمریکا تێچوی ژیان و جەنگی ئێران لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیانی ئەمریکین و لە 70%ـی هاووڵاتیان دەیانەوێت کۆتاییهێنانی جەنگ ئێران لە پێشینەی کارەکانی کۆنگرێس بێت.
لە ئیستادا نرخی نەوت 114 دۆلاری تێپەڕاندوە و تا دێت گرژیییەکانیش زیاتر دەبن، لە ناوخۆی ئەمریکا سوتەمەنی بەرێژەیەکی بەرچاو بەزبوەتەوە و تێچوی ژیانکردن بە تەواوەتی لەسەر هاووڵاتیان قورسبووە، ئەمەش وایکردوە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکاش ئەم هەڵبژاردنە زیاتر گرنگی پێبدرێت.
دوای بەردەوامی بەرزبونەوەی نرخی نەوت و چەندینجار لە ئینکاریکردن، دواجار دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار رایگەیاند، جەنگی ئێران هۆکاری بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە و ئاماژەی بەوەکرد تاران پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات لە پێناو بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.
ئەم پەیامی دۆناڵد ترەمپ لە دوای ئەوەهات، دوێنێ تەلەڤیزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران حەوت کەشتی نەوتهەڵگریان کردوەتەوە ئامانج و راستەوخۆش نرخی نەوت لە بازارەکاندا بەرزبوە و 113 دۆلاری تێپەڕاند، کە لە مانگی ئایارەوە ئەم نرخە بەرزترینە.
لە ناوخۆی ئەمریکاش، ئاژانسی ئەسۆشێتد پریس لە راپرسییەکدا ئاشکرای کردوە، سەرەڕای گرنگیی هەڵبژاردنەکان تێچوی ژیانکردن و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران لە داواکارییە سەرەکییەکانیی دەنگدەرانی هەردوو حزبی دیموکرات و کۆمارییەکانن.
بە گوێرەی راپرسییەکەی ئەسۆشێتد پریس، لە 10 دەنگدەری ئەمریکا هەشتیان پێیان وایە دەبێت یەکەم کاری کۆنگرێس کەمکردنەوەی تێچوی ژیانکردن بێت، نزیکەی لە 70%ـی هاووڵاتیان دەیانەوێت کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران لە پێشینەی کارەکانی کۆنگرێسدا بێت.
لە بەرانبەردا تەنها رێژەیەکی کەم داوای لێکۆڵینەوە لە دەسەڵاتی ترەمپ یان پشتگیری لە بەرنامەکانی دەکەن،ئەمەش ئاماژەیەکی رونە بۆ ئەوەی کە قەیرانی ئابوری و دەرهاویشتەکانی جەنگ بونەتە پێشەنگی مەلەفەکان و چارەنوسی هەڵبژاردنەکە یەکلاییدەکاتەوە.
سەدان هەزار هاووڵاتی ئەوروپی لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەكان لە وڵاتەكانیاندا هاتوونەتە سەر شەقامەكان.
شەپۆلی نارەزایەتییەكان لە بەلجیكا، فەرەنسا ، ئیتاڵیا، پورتوگال ویۆنان دەستیپێكردووە و حكومەتەكانی یەكێتی ئەوروپای خستووەتە ژێر فشارەوە.
فەرەنسا یەكێك لە پڕ لە ئاڵۆزترین و قورسترین رۆژەكانی لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا بەرێدەكات، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێ زیاتر لە 550 هەزار كەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكاندا كردووە و پۆلیسیش رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە.
نارەزایەتییەكان دوای چەند هەفتەیەك لە خۆپیشاندانی خوێندكاران هات، كە دواتر ئاراستەكەی بەرەو سوتاندن و تاڵانكردنی بینا و سوپەرماركێت و شوێنی فرۆشتنی كاڵا گرانبەهاكانی هاوشێوەی لوی ڤیتۆن گۆڕا.
سێباستیان لێكۆرنو، سەرۆكوەزیرانی فەرەنسا لەبارەی خۆپیشاندانەكانەوە وتی، هەزار و 200 كەس دەستگیركراون و 150 پۆلیسیش برینداربوون.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، دەیان دوكان لە پاریس، مارسیلیا، نیس، نانت، بۆردۆ، لیل، تولۆز و ستراسبۆرگ تاڵان كراون.
ئیمانوێل گریگۆری سەرۆكی شارەوانی پاریس دەڵێت تەواوی شەقامەكانی پایتەخت وێران كراون.
خۆپیشاندەران لە شاری لیمۆژ ، ئاگریان لە هۆڵی شارەوانیی شارەكە بەردا كە مێژووەكەی زیاتر لە 140 ساڵە.
ئیمانوێل ماكرۆن لەپلاتفۆرمی ئێكس رایگەیاند"ئەوانەی بەرپرسن لەتێكدانی وڵات لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و سزا دەدرێن.
خوێندكارنی فەرەنسی دەڵێن، ئێمە بۆیە خۆپیشاندان دەكەین چونكە ژیانكردن زۆرقورس بووە، نرخی سوتەمەنی زۆر بەرزە، ئێمە لەپێناو داواكردنی مامۆستای زیاتر و رەوشی خوێندنێكی شایستەتر دەجەنگین، ئێستا بەوهۆیەوە لێمان دەدرێت.ئەمە سەرەرای كەمی پاڵپشتی خوێندن و نەبوونی دڵنیایی لەبارەی داهاتوویان.
بەپێی بەدواداداچوونەكان، هۆكارێكی تری سەرهەڵدانی ئەو نارەزایەتییەنە بۆ پلانی حكومەتی فەرەنسا دەگەرێتەوە كە دەیەوێت كورتهێنانی بودجەكەی لەرێگەی كەمكردنەوەی نزیكە 60 ملیار دۆلار لە خەرجیە گشتییەكانی كەمبكاتەوە،
ئەمە جگە لەوەی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا پێشبینی كردووە بۆ ئمساڵ رێژەی بێكاری بۆ %8.3 بەرزبێتەوە، كە ئەوەش هێندەی تر نیگەرانی لای هاوڵاتیان وچینی خوێندكارن دروستكردوە.
بەشێكی تری شارزایان پێیان وایە ئەم خۆپیشاندانانە هاندانی سیاسی لەپشتەوەیە بەتایبەت كە لە مانگی چواری ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا بەرێوەدەچێت.
لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا لەسەر باشکردنی دۆخی پەروەردە و قەیرانی ژیان سەریان هەڵدا، خێرا سنوورەکانی تێپەڕاند و بوو بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ گەنجان و قوتابیانی چەندین وڵاتی تری ئەوروپا.
لە ئیتاڵیاوە و لە پێنجی تشرینی یەکەمەوە، خۆپیشاندانی قوتابیان لە شاری تورینۆوە دەستی پێکرد و پاشان بۆ روما و نابولي و بۆلۆنیا و جنوى تەشنەی سەند، کە تیایدا گەنجان بە دروشمی "با وەک فەرەنسا بکەین" دژی کەمیی تواناکانی پەروەردە هاتنە سەر شەقام.
لە وڵاتانی تریشدا وەک بەلجیکا و یۆنان و ئەڵمانیا و ئۆکرانیا، بزووتنەوەکە رەنگدانەوەی هەبوو و هاوسۆزیی بەدوای خۆیدا هێنا، بە جۆرێک لە یونان لافیتەی دووزمان بە دروشمی فەرەنسی بەرزکرایەوە و لە ئەڵمانیاش چەپەکان چالاکییان رێکخست.
سەرەڕای ئەوەی هۆکاری سەرەکیی خۆپیشاندانەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، وەک قەیرانی خانووبەرە و گرانیی کرێی شوقەکان لە إسپانیا و یونان، یان ناڕەزایەتی دژی بەرزکردنەوەی رسوماتی خوێندن لە بەلجیکا، و نیگەرانی لەبارەی پرسە سەربازییەکان لە ئەڵمانیا، بەڵام هەموویان لە خاڵێکدا کۆدەکەنەوە کە ئەویش رەخنەگرتنە لە چۆنیەتی دابەشکردنی بودجە و ئەولەوییەتەکانی حکومەتەکان.
لە پاڵ ئەمانەشدا، روداوە مرۆییە توندوتیژەکان و قەیرانی نیشتەجێبوون، لەوانەش مەرگی تراژیدیای خانمە بەساڵاچووەکەی إسپانیا ماریکارمن ئاباسكال دوای دەرکردنی لە ماڵەکەی، ئاگرەکەی ناڕەزایەتییەکانی زیاتر گەرمتر کرد.
شارەزایان و کۆمەڵناسان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵێکی بێوێنەیان لە دروستکردن و گواستنەوەی خێرای ئەم "پەتای ناڕەزایەتییە" بینیوە، و سەرەڕای ئەوەی هێشتا زووە پێشبینیی ئاڕاستەی داهاتووی بکرێت، بەڵام زەمینەیەکی بەپیت بۆ تەشەنەسەندنی زیاتری ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا رەخساوە.
نزیکەی سەدەیەک بەسەر لە سێدارەدانی 10 لە ترسناکترین بکوژەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، کە لەناو حکومەتی ئەڵمانیای نازیدا پلە و پۆستی سەربازیی و سیاسیی باڵایان هەبووە، تێپەڕدەبێت.
هۆڵی دادگا هەلێکی دایە سەرکردەکانی دەسەڵاتی رایشی تێکشکاو بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن و بەڵگەنامەی ئەو تاوانانەشی بەخشییە جیهان کە ئیتر نەیاندەتوانی بیشارنەوە، لەبەرئەوە؛ لەلە شەوی 16ـی 10ـی 1946، لە زیندانی نورنبێرگ 10 کەس لە سێدارە دران؛ ئەوان تاوانبارە سەرەکییەکانی نازی بوون کە دەستگیر کرابوون و راپێچی بەردەم دادگا کرابوون.
دادپەروەری لە جیاتی تۆڵەسەندنەوە
بیرۆکەی پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە دڕندانەکانی نازی لەمێژبوو بیری لێدەکرایەوە، بەو مەبەستە، لە ساڵی 1942دا، یەکێتیی سۆڤیەت کۆمیسیۆنێکی نائاسایی تایبەتی دامەزراند بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ئەو تاوانانە، بەڵام کارێکی زۆر لەبەردەم کۆمیسیۆنەکەدا بوو، چونکە سۆڤیەت بووبووە گۆڕەپانی سەرەکیی خوێناویترین و دڕندانەترین جەنگ لە ئەوروپادا.
جۆر و قەبارەی ئەو تاوانانەی لەسەر خاکی سۆڤیەت ئەنجامدرابوون سامناک بوون: جینۆساید دژی چەندین گەل، کوشتاری بەکۆمەڵ لەسەر چەندین بنەما، هەموو جۆرەکانی تاوانی جەنگ، هێرشی بەئەنقەست بۆسەر بنکە تەندروستییەکان و ژێرخانی مەدەنی، لەسێدارەدانی هەڕەمەکی، تاڵانکردنی ئابوری و توندوتیژیی سێکسی.
لە بنەڕەتدا، هەر شارۆچکەیەک لە دەست نازییەکان رزگارکرابا، هێندە بەڵگەی تێدا بوو کە بەشی پێکهێنانی دادگایەکی سەربەخۆی دەکرد.
کاتێک ئۆردوگاکانی زۆرەملێ (کەمپەکانی کۆکردنەوەی هاووڵاتی مەدەنی بۆ کۆمەڵکوژکردنیان) ئازاد کران، دەرکەوت پڕوپاگەندەی هاوپەیمانان نەک زێدەڕۆیی لە رووداوەکاندا نەکردووە، بەڵکو قەبارەی راستەقینەی دڕندەییەکانی نازییەکانی زۆر کەمتر لەوەی هەبوو، پیشاندابوو.
جگە لە حکومەتی سۆڤیەت، حکومەتە دەربەدەرەکانی وڵاتە داگیرکراوەکانی وەک بەلجیکا، چیکۆسلۆڤاکیا، لۆکسمبۆرگ، هۆڵەندا، پۆڵەندا، نەرویج، فەرەنسا و یوگۆسلاڤیا، خوازیاری ئەوە بوون لەڕووی یاساییەوە لێپرسینەوە لە تاوانەکانی نازییەکان بکرێت.
هێڵە گشتییەکانی دادگای داهاتوو لە پاییزی ساڵی 1943 لە میانی کۆنفرانسێکدا لە مۆسکۆ بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوەی 'سێ زلهێزەکە' سۆڤیەت، بەریتانیا و ئەمریکا دەستی بە دەرکەوتن کرد، هەر سێ زلهێزەکە رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەو سەرکردانەی نازی کە لە بەرانبەر چەندین نەتەوەدا تاوانیان ئەنجامداوە، دەبێت لەلایەن دادگایەکی نێودەوڵەتییەوە دادگایی بکرێن.
لەو کاتەدا، تەنانەت بیرۆکەی کوشتنی سەرکردەکانی نازی لە دەرەوەی دادگا (تۆڵەسەندنەوەی سەرشەقام) وەک شتێکی رەوا دەبینرا.
بۆ نموونە، 'بینیتۆ مۆسۆلینی' لە 28ی چوار 1945 لەگەڵ خۆشەویستەکەی لەلایەن پارتیزانە ئیتاڵییەکانەوە بەبێ دادگاییکردن گولـلەباران کران و تەرمە شێوێنراوەکانیان لە بەرچاوی خەڵکدا هەڵواسران؛ کەس شیوەنی بۆ مۆسۆلینی نەگێڕا، بە هەمان شێوەش ئەگەر سەربازێکی سوپای سوور هیتلەری بکوشتایە، کەس ناڕەزایەتی دەرنەدەبڕی.
دوابەدوای ئەمانە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی جەنگەکەش، کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی بێ دادگایی بە شێوەیەکی پچڕپچڕ روویاندا.
نموونەیەکی دیکە: یەکێک لە رووداوە ناسراوەکانی گولـلەبارانکردنی پاسەوان و کارمەندانی ئۆردوگای 'داخاو' بوو لەلایەن سەربازانی ئەمریکییەوە، هەروەها سەربازانی پۆڵەندی، ئۆسکار دیرلیڤانگەر (فەرماندەی لیوایەکی سزادان کە بەرپرسیار بوو لە کوشتنی بێشوماری هاووڵاتی مەدەنی لە بیلاڕووس و پۆڵەندا)یان لە ژێر لێدان و ئەشکەنجەدا کوشت، بەڵام تۆڵەسەندنەوەی کوێرانە و یاسای دارستان، ئەو شتە نەبوو کە سەرکردەکانی هاوپەیمانان بەتەمای بوون.
ئەوانەی لە قەفەزی تۆمەتباراندا بوون و ئەوانەی دەرباز بوون
بەڕوونی دەرکەوت ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون، نەک تەنیا زۆروزەوەندن، بەڵکو زۆریش ئاڵۆزن، چونکە بۆ نموونە لە دادگادا نازییەکان تا پێیان کرابوو رێوشوێنیان بۆ شاردنەوەی دڕندەییەکانیان گرتبووەبەر؛ بۆ نموونە دوای لەسێدارەدانی زیاتر لە 100,000 کەس کە زۆربەیان جوولەکە بوون لە دۆڵی "بابی یار" لە نزیک کیێڤ لە ئۆکراین، پاشماوەکانیان شاردبووەوە. سەرباری ئەوەش، هەر کە حکومەتەکەیان هەرەسیهێنا و راوەدونان و دەستگیرکردنیان دەستیپێکرد، هەموویان تاوانەکانیان دەخستەپاڵ یەکتر، بەتایبەت دەیانخستە پاڵ ئەوانەی کە پێشتر مردبوون.
تا مانگەکانی پێنج و شەشی 1945، زۆربەی ئەو کەسانەی لە کۆتاییدا لە نۆرمبێرگ دادگایی کران، دەستگیر کرابوون، بەڵام بێگومان، چەندین کەسایەتیی سەرەکیش هەبوون کە هەرگیز نەهێنرانە بەردەم دادگا.
بە هۆکاری دیار و ئاشکرا، جۆزێف گۆبێڵزی وەزیری پڕوپاگەندە و هیتلەر خۆی لە دادگاییەکەدا ئامادە نەبوون: چونکە هەردووکیان پێش ئەوەی رووبەڕووی یاسا ببنەوە خۆیان کوشتبوو.
هاینریش هیملەر، سەرۆکی هێزەکانی (SS)، لەلایەن دوو زیندانیی ئازادکراوی سۆڤیەتەوە دەستگیرکرا، بەڵام لە کاتی پشکنینی پزیشکیدا حەبێکی ژەهراوی قوتدا و گیانی لەدەستدا. هاینریش مولەر، فەرماندەی گێستاپۆ، لە کۆتایی مانگی چوار یان سەرەتای پێنجی ساڵی 1945 فیشەکێکی بە خۆیەوە نابوو و خۆی کوشتبوو و تەرمەکەشی پاش چەندین مانگ لە گۆڕێکی کاتیدا دۆزرایەوە.
چارەنووسی مارتن بۆرمان، سکرتێری تایبەتی هیتلەر و بەرپرسی دیوانی حزبەکەی، بۆ چەندین ساڵ نادیار بوو؛ بێسەروشوێن بووبوو، ئەمەش لە ساڵی 1945دا گومانی ئەوەی دروستکرد کە بە ناسنامەیەکی ساختەوە هەڵهاتبێت، بەڵام دواتر دەرکەوت کە 'بۆرمان' لە سەعاتەکانی کۆتایی ژیانیدا و لە ساتی بەرگریکردن لە بەرلین(بەرگریکردن لە مانەوەی نازییەکان لە دەسەڵات)، لە کاتێکدا هەوڵی دەدا لەگەڵ کاروانێکی سەربازانی ئەڵمانیا لە گەمارۆی شارەکە دەرباز بێت، کوژراوە.
لە دوای جەنگ و رووبەڕووبوونەوە سەربازییەكانی ئەم دواییە سەرچاوە دیپلۆماسییە ئەورووپییەكان زانیاریی لەسەر جووڵە نوێیەكانی تاران ئاشكرا دەكەن، بەپێی ئەم سەرچاوانە، ئێران هەڵمەتێكی فراوانی بۆ پاراستی ئەتۆمیەكەی و ئامێرەكانی دەستیپێكردووە.
سەرچاوەكان بە میدیاكانیان راگەیاندووە، ئێران دەستیكردوە بەلێدانی كەندنی ئەشكەوتی و تونێلی زۆر قووڵ، جێبەجێكردنی كاری كۆنكرێتی بەهێز بۆ دروستكردنی قەڵغانی بەرگری، گواستنەوەی كەرەستە و چالاكییە نەویییەكان بۆ ناو بنكە مەدەنی و سەربازییەكانی سوپای پاسداران، بە ئامانجی شاردنەوەیان لە چاوی مانگە دەستكردەكان و پاراستنیان لە هەر هێرشێكی ئەگەری.
زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، پڕۆسەكە لە هەندێك ناوچە گەیشتووەتە قۆناغی زۆر پێشكەوتوو، تاران هەستاوە بە گواستنەوەی ئامێرە هەستیارەكان، لەوانە ئامێرەكانی سەنتەرفیوج كە ئامێرێكی پێشكەوتووە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەكاردەهێنەرێت، ئەمە جگەلەوەی بڕێكی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراو لەو بنكە و دامەزراوانەی پێشتر بەر هێرش كەوتبوون گواستراونەتەوە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردووە، پرۆسەی پەرەپێدانەكە لە رێگەی كەندنی تۆڕی ئەشكەوت و كۆڵانی ژێر زەوی لە قووڵایی زۆردا ئەنجامدراوە لەگەڵ جێگیركردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و رادار لە دەوروبەری شوێنەكان بۆ رێگریكردن لە هێرشی ئاسمانی و كەمكردنەوەی توانای چاودێریكردنی ئاسمانی.
هاوكات، وێنە نوێیەكانی مانگە دەستكردەكان ئاشكرایان كردووە، لەدوای هێرشەكەی ئیسرائیل، چالاكی نوێ لە بنكەی مینزادیهی دەستیپێكردووەتەوە، راپۆرتێكی پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی واشنتۆن ئاماژەكردووە، لە دوای هێرشەكەی 3ی ئادارەوە، جووڵەی ئۆتۆمبێلەكان بە شێوەیەكی رێكخراو گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەكە دوای پاككردنەوەی داروبەرد و چاككردنەوەی زیانەكان.
دیپلۆماتكارێكی ئەوروپی ئاگادار لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانیش رایگەیاندووە، تاران چەندین ناوەندی سەربازیی كردووەتە حەشارگە بۆ ئامێرەكانی سەنتەرفیوج كە لە شوێنەكانی وەك جنداب، ئەردەكان و ناوەندی تەكنەلۆژیای ئەتۆمی لە ئیسفەهان هێنراون.
ئەو دیپلۆماتكارە جەختیكردەوە، تاران شوێنی نوێی بۆ پیتاندن دروستكردووە كە پێكهاتوون لە ژووری تایبەت، بۆری و سیستەمی كۆنترۆڵ، كە بە نهێنی ڕاگوێزراونەتەوە بۆ ئەو شوێنانەی رووبەڕووی بۆردومان نەبوونەتەوە یان هێشتا لە بانكی ئامانجە راگەیەندراوەكاندا نین.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، مەترسییەكانی ئێران تەنیا لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە نییە، بەڵكو لە سیناریۆیەكی ئەمریكیش دەترسێت كە ئامانجی دەستبەسەرداگرتن یان گواستنەوەی كۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت بۆ دەرەوەی وڵات.
لە نێو ئەو شوێنە رانەگەیەندراوانەی گومان دەكرێت چالاكی ئەتۆمی تێدا شاردرابێتەوە، ناوی جەبەلی ئەلفەس و بنكەی تاقان 2 دەهێنرێت كە پێشتر ناویان لە تاقیكردنەوە و پەرەپێدانی پێكهاتەی چەكی ئەتۆمیدا هاتبوو.
گۆڕانكاری و جووڵە نوێیەكانی ئێران لە دوای پێكدادانە سەربازییەكانی ئەم دواییە، نیشانەی قۆناغێكی نوێن لە ستراتیژیی بەرگری و ئەتۆمیی تاران؛ قۆناغێك كە تیایدا پشت بە شاردنەوە، قەڵاڕێژكردنی ژێر زەوی و دابەشكردنی چالاكییەكان دەبەسترێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی چاوودێریی مانگە دەستكردەكان و هێرشە ئاسمانییەكان.
دۆسیەی نیشانەكانی نەخۆشی هاڤانا جارێكی دیكە لە ناوەندە هەواڵگری و دیپلۆماسییەكانی ئەمریكادا سەرهەڵدەداتەوە، كاتێك لێكۆڵینەوەیەكی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەسەر زاری لێكۆڵەرانی بەرنامەی 60 خولەكی كەناڵی سی بی ئێس ئاشكرای كرد ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا ناسراو بە سی ئای ئەی لە چەندین وڵاتدا بوونەتە قوربانیی چەكی نەبینراو و شەپۆلی تیشكیی بێدەنگ .
قوربانییەكان كە ئەفسەرانی ئەمریكان باس لە سەرئێشەی لەناكاو، تێكچوونی هاوسەنگی، دەنگەدەنگی بەردەوامی گوێ و بیركۆڵی دەكەن.
سەرچاوە زانستییەكان، لەوانە پرۆفیسۆر دەیڤید رێلمان لە زانكۆی ستانفۆرد، ئاماژە بەوە دەكەن كە پشكنینی پزیشكی زیاتر لە 1000 بەڵگەنامەی نهێنی دەریخستووە ئەم نیشانە نائاساییانە بە ئەگەری زۆرەوە بەهۆی بەكارهێنانی شەپۆلی پەستێنراوی مایكڕۆوەیڤەوە روویانداوە.
لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە، بەشێكی بەرچاو لەو كارمەندانەی لەسەر دۆسیە هەستیارەكانی پەیوەست بە بەرژەوەندییەكانی روسیا كاریان دەكرد تووشبوون.
ئەمەش گومانی ئەوەی لای لێكۆڵەران دروستكردووە مۆسكۆ لە رێگەی تەكنەلۆژیای پێشكەوتووەوە هەوڵی پەكخستن و ترساندنی بریكارە ئەمریكییەكانی دابێت.
هەرچەندە پێشتر راپۆرتێكی هەواڵگریی ئەمریكا دەستی دەرەكی لەم رووداوانەدا بە دوور زانیبوو، بەڵام ئیدارەی ترەمپ دواتر ئەو هەڵسەنگاندنەی كشاندەوە، چونكە بە لێكۆڵینەوەیەكی ناتەواو لە قەڵەم درا.
لە ئێستادا گومانەكان روویان لە هەندێك دامەزراوەی ئەمریكییە بەوەی كە زانیارییە راستییەكانیان شاردووەتەوە تا لە روبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی دیپلۆماسی لەگەڵ روسیا خۆیان بەدوور بگرن.
گومانەكان لەسەر شاردنەوەی بەڵگە راستییەكان، مشتومڕێكی گەورەی ئەمنیی لە ناو كۆنگرێسدا دروستكردووە. لە كاتێكدا دەیان ئەفسەری ئەمنی هێشتا بەدەست ئازاری درێژخایەنی دەمارییەوە دەناڵێنن.
هاڤانا نەخۆشییەكی ڤایرۆسی یان گوازراوە نییە، بەڵكو كۆمەڵێك كێشەی تەندروستی و دەماریی نادیارە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2016 لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كوبا دەركەوت.
توشبووان دووچاری سەرئێشەی توند، گێژبوون، كەمبوونەوەی هاوسەنگی و بیركۆڵی دەبنەوە، بێ ئەوەی هیچ هۆكارێكی بایۆلۆجی یان ڤایرۆس لە جەستەیاندا بدۆزرێتەوە.
زانایان و پسپۆڕانی ئەمنی پێیانوایە هۆكاری ئەم حاڵەتە بۆ بەكارهێنانی چەكی دەستكردی شەپۆلی مایكڕۆوەیڤ و وزەی ئاڕاستەكراو لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەكانەوە دەگەڕێتەوە.
كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، وادەكات باری روبەڕووبوونەوەی داعش زیاتر بكەوێتە سەر شانی عیراق و سوریا.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە 30ی ئەیلوولدا بە رەسمی ئەركەكانی لە عیراق كۆتایی هات، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەكان و كەلوپەلە سەربازییەكانی كشانەوە بۆ ئوردن، بەمەش بەرپرسیارێتییە ئەمنییە سەرەكییەكە بۆ بەغداد گواستراوەتەوە، پرسیاری نوێیش ئەوەیە سنوورە درێژەكەی نێوان عیراق و سوریا بەو دوو وڵاتە دەپارێزرێت لە مەترسییەكانی داعش.
پێگەی میدیا لاین لە راپۆرتێكی شیكاریدا ئاشكرایكردوە، عیراق پێشتر هەوڵیداوە سنوورەكەكانی كەمتر پشت بە بوونی سەربازیی بیانی ببەستێت بۆ ئەو مەبەستەش كۆسپە كۆنكرێتییەكان، تەلبەند، كامێرای گەرمی، بوردجی چاودێری و دڕۆنیان لەسەر درێژایی سنوورەكە فراوانتر كردبوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، پەرژینە بەهێزەكان بەو مانایە نین، بەغداد دەتوانێت بەتەواوی شوێنی هەموو ئەو شتانە بگرێتەوە كە هاوپەیمانان دەیانڕەخساند، بەڵام هێزەكانی عیراق لە ئێستادا لە توانایاندایە بەشێكی زۆری باری ئۆپراسیۆنەكانی ناوخۆی وڵات بگرنە ئەستۆ و ئۆپراسیۆن دژی شانەكانی داعش ئەنجام بدەن، بەڵام تواناكانی تەكنیكی و هەواڵگریی پێشكەوتوو وەك ئاڵنگارییەكی سەختتر دەمێننەوە.
وتیشی عیراق دەتوانێت قەرەبووی بەشێكی گەورەی رۆڵی سەربازیی هاوپەیمانان بكاتەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە سەر ئاستێك كە بەتەواوی دەستبەرداری پاڵپشتیی ئەمریكا بێت، بەتایبەتی لە بواری هەواڵگری، چاودێری و سیخوڕیدا.
لە لایەنی سورییاوە، شیكارەوانی سیاسی، نیگەرانیی هاوشێوەیان دەربڕی وراگەیاند: هیچ ئاماژەیەكی روون نییە بۆ بڵاوەپێكردنی بەرفراوانی سەربازیی سوریا یان زیادبوونی گەورەی ژمارەی سەربازەكان لەسەر سنووری عیراق.
وتیشی هەماهەنگی لە نێوان دیمەشق و بەغداد بوونی هەیە، بەتایبەتی لە ئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنییەكاندا، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی هاوبەشییەكی ئەمنیی ستراتیژیی تەواوكار.
هاوكات، لێپرسراوانی عیراقی پێشتر رایانگەیاندبوو بەغداد راستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریا هەماهەنگی دەكات بۆ رێگریكردن لە دزەكردنی داعش، شەڕی قاچاغچێتی و ئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنییەكان.
بەڵام ئەوەی ئەركی ئەو دوو وڵاتە قورستردەكات، داعش ئیتر پێویستی بە جوڵاندنی كاروانی گەورەی چەكداران بەسەر سنوورەكاندا یان گرتنی شارەكان و دەروازەكان نییە بۆ دروستكردنی مەترسی، دەتوانێت لە رێگەی شانەی بچووكتر، تاكە چەكدارەكانەوە كاربكات و كەلێنەكانی چاودێری بقۆزنەوە.
بەڵام مەترسیدارترین كەلێنی ئەمڕۆ درێژبوونەوەی كراوەی سنوور یان رووخانی پەرژینەكان نییە، بەڵكو گەورەترین مەترسی كەلێنی هەواڵگریی نێوان هەردوو لای سنوورەكەیە، سەرچاوە عیراقی و سورییەكان لەسەر یەك خاڵی ناوەندی هاوڕان، پاراستنی ئاسایشی سنوور تەنها بە دیوار، كەلوپەلی چاودێری ناكرێت، بەڵكو بەستراوەتەوە بەوەی ئایا زانیارییەكان دەتوانن خێراتر لە چەكدارەكانی داعش بەسەر سنوورەكەدا تێپەڕن یان نا.
سێ ساڵ بەسەر روداوەکانی حەوتی تشرینی یەکەمی 2023دا تێپەڕ دەبێت، ئەو رۆژەی نەک هەر رەوتی روداوەکانی لە کەرتی غەززە گۆڕی، بەڵکو تەواوی نەخشەی ئەمنی و سیاسیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داڕشتەوە.
لەو رۆژەدا، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شارۆچکە و شوێنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە هاوسنووری غەززە، کە بەپێی ئامارە رەسمییەکانی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی 1,221 کەس و بەدیلگرتنی 251 کەسی تر.
ئیسرائیل بە هەڵمەتێکی سەربازیی بێوێنە و کاولکەرانە وەڵامی دایەوە. ئەم جەنگە خوێناوییە بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو، تا سەرئەنجام لە 10ی تشرینی یەکەمی 2025 رێککەوتنی ئاگربەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەرچەندە رێککەوتنەکە بووە هۆی ئازادکردنی بەندکراوانی فەلەستینی و بارمتە ئیسرائیلییەکان—کە پرۆسەی گەڕاندنەوەی سەرجەمیان (سەرجەم زیندووان و تەرمەکان) لە کانوونی دووەمی 2026 کۆتایی هات، بەڵام ئاگربەست نەبووە هۆی یەکلاکردنەوەی پرسە ریشەییەکانی وەک چەکداربوونی حەماس، کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل و شێوازی بەڕێوەبردنی غەززە.
ماڵوێرانیی مرۆیی و داڕمانی ژێرخانەکان
باجی مرۆیی و مادیی ئەم جەنگە بێپێشینە بووەم، بەپێی دوا ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە لە شەشی تشرینی یەکەمی 2026دا، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 74,245 کەس و زیاتر لە 175,267 کەسیش بریندار بوون.
تەنانەت لە دوای ئاگربەستیشەوە، بەهۆی دەستڕێژی و روداوە جیاوازەکانەوە 1,462 کەسی تر کوژران و لاشەی 836 کەسیش لەژێر داروپەردودا دەرهێنراونەتەوە.
لە رووی ژێرخانەوە، هەڵسەنگاندنێکی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و بەیاننامەی بانکی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە 371 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون (واتە 76.6٪ی کۆی خانوو و شوقەکانی غەززە) بە تەواوی یان بەشێکی وێران بوون.
زۆربەی قوتابخانەکان پەککەوتوون و کەرتی تەندروستیش بە تواناپچڕاوەکانەوە کار دەکات. لە ئێستادا، زیاتر لە چوار هەزار باڵەخانەی زیانپێکەوتوو مەترسی داڕمانیان لەسەرە، کە زیاتر لە 2,300یان تا ئێستاش نزیکەی 44 هەزار هاووڵاتییان تێدا دەژین.
لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆسەی پاککردنەوەی داروپەردوو بەهۆی کەمیی سوتەمەنی و ئامێری قورسەوە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە.
ئاڵۆزییەکانی ئاوەدانکردنەوە و بێپاساوی "رۆژی دوای جەنگ"
بەپێی خەمڵاندنە نێودەوڵەتییەکان، پرۆسەی شیاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە ماوەی دە ساڵدا پێویستی بە 71.4 ملیار دۆلار دەبێت (کە 26.3 ملیاری تەنها بۆ 18 مانگی یەکەمە)، لە کاتێکدا زیانە مادییە راستەوخۆکان بە 35.2 ملیار دۆلار دەکەمڵێندرێن.
بەڵام کێشەکە تەنها دابینکردنی سەرمایە نییە؛ بەڵکو نەبوونی رێککەوتنێکی سیاسیی روونە لەسەر ئەوەی کێ فەرمانڕەوایی غەززە دەکات؟.
پلانی پێشنیارکراوی ئەمریکا باس لە ئیدارەیەکی کاتیی فەلەستینی و هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری دەکات، تا ئیسرائیل بەپلەبەندی بکشێتەوە.
بەڵام ئیسرائیل مەرجی داماڵینی چەکی حەماس دەسەپێنێت پێش کشانەوەی تەواوەتی، لە کاتێکدا حەماس تەنها ئامادەیی نیشانداوە دانوستان لەسەر چەکەکەی لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێودەوڵەتیدا بکات.
ئێستا ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی نزیکەی دوو سێیەمی خاکی غەززەی لەدەستدایە، ئەمەش دانوستانەکان ئاڵۆزتر دەکات.
لە بەرانبەردا، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل خۆیان بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە 27ی تشرینی یەکەمی 2026 ئامادە دەکەن، لە کاتێکدا ئاسەوارەکانی 7ی تشرینی یەکەم هێشتا وەک شوکێکی ئەمنی و سیاسی بەسەر ناوخۆی ئیسرائیلەوە دیارە.
لە یادی سێ ساڵەی هێرشەکەدا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە "حەماس هەرگیز حوکمی غەززە ناکاتەوە" و بەڵێنی دا بەردەوام بێت لە بەدیهێنانی ئامانجە سەربازییەکانی.
تەقینەوەی بەرەکانی ناوچەکە
تەنگژەی غەززە تەنها لە سنووری فەلەستین نەمایەوە. سنوورەکانی لوبنان بوونە بەرەی شەڕی کراوە لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سووردا زیانی گەورەی بە بازرگانیی نێودەوڵەتی گەیاند، و ئێرانیش راستەوخۆتر هاتە ناو حیساباتە ئەمنییەکانی ناوچەکەوە.
ململانێکان گەیشتنە لوتکە لە 28ی شوباتی رابردوودا، کاتێک ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشێکی سەربازیی هاوبەشیان کردە سەر ئێران.
چەمکی نوێی دادپەروەری و ئایندە
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەم جەنگە دۆسیەی فەلەستینی هێنایەوە پێشەوە و دامەزراوە دادوەرییەکانیشی تووشی تاقیکردنەوە کرد؛ لە نۆڤەمبەری 2024دا دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ و یوئاف گالانت، وەزیری بەرگریی پێشوو دەرکرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.
لە هەمان کاتدا دۆسیەی ئەفریقای باشور دژی ئیسرائیل لە دادگای دادپەروەریی نێودەوڵەتی (ICJ) وەک خۆی بەردەوامە.
دوای سێ ساڵ، 7ی تشرینی یەکەم وەک وەرچەرخانێک لە مێژوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە. هەرچەندە ئاگربەست بەدەست هاتووە، بەڵام تاقیکردنەوەی راستەقینەی ساڵانی داهاتوو لەوەدایە کە ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت ئەم بێدەنگییە کاتییەی چەکەکان بگوێزێتەوە بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی بەردەوام کە مافی گەلی فەلەستین بپارێزێت و ئایندەی ناوچەکە لە شڵەژانی بەردەوام رزگار بکات؟
ئیسرائیل کارەکانی لە پڕۆژەی ئەندازیاری و سەربازیی "سۆفا 53" خێراترکردووە کە بە "گەردەلولی مەزن"یش ناسراوە، وەزارەتی دەرەوەی سوریاش ئیدانەی ئەو کارەی ئیسرائیل دەکات و بە پێشێلکاری ناو خاکی وڵاتەکەی ناوی دەبات.
ئیسرائیل بەردەوامە لە تەواوکردنی پڕۆژەی گەردەلولی مەزن لە ناوخۆی سووریادا، هێزەکانی ئیسرائیل کارەکانی هەڵکەندن و پتەوکردن لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سۆفا 53" لە گوندەوارەکانی باشوری قونەیترە نوێکردەوە، ئەوەش لە هەنگاوێکی نوێدا کە تیشک دەخاتەوە سەر ئەم پڕۆژە سەربازییەی لەسەر درێژایی هێڵی جیاکەرەوەی بەرزاییەکانی جۆلان دەڕوات.
بەپێی راپۆرتەکانی میدیاکانی سوریا، هێزەکانی ئیسرائیل کارەکانی هەڵکەندنیان لە رۆژئاوای گوندی "عەشە" لە سنوری قونەیترە بەردەوامی پێداوە، پڕۆژەکە کە بە ناوی "سۆفا 53" ناسراوە، بریتییە لە دورستکردنی رێگایەک بەدرێژایی هێڵی جیاکەرەوە لە ناوچە سنورییەکەدا.
گەڕانەوەی ئامێرە ئەندازیارییەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچەکە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی جووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە بەشێک لە باشوری سووریا؛ بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، لە رۆژانی رابردوودا بەزاندنی سنور و جوڵەی سەربازی لە گوندەوارەکانی قونەیترە و دەرعا تۆمارکراون، لەگەڵ بەردەوامیی کارەکانی هەڵکەندنی زەوی، پتەوکردن و دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ.
پڕۆژەی "سۆفا 53" چییە؟
پڕۆژەی "سۆفا 53" کە بە پڕۆژەی گەردەلولی مەزنیش ناسراوە، پڕۆژەیەکی ئەندازیاری و سەربازیی ئیسرائیلە کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2022ەوە بە پلەبەند لە ناوچەی دابڕێنەر لە گوندەواری قونەیترە دەستی پێکردووە.
پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی رێگایەکی سەربازی بە پانی نزیکەی هەشت مەتر، لەگەڵ بەرزکردنەوەی بەربەستی خۆڵ و کۆنکرێتی بە بەرزایی نزیکەی پێنج مەتر، جگه لە هەڵکەندنی خەندەق و دروستکردنی خاڵی چاودێری لەسەر درێژایی ئەم رێگایە.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی سجلی سوری بۆ راهێنانی روداوەکان، رێڕەوی پڕۆژەکە لە پەراوێزی شارۆچکەی "حەزر" لە باکوری قونەیترەوە دەست پێدەکات و بە شارۆچکەکانی جەبسا خەشەب، حەمدییە، قەحتانیە، رویحینە، بەئر عەجم و بریقەدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە عەشە و سێگۆشەی سنوری لە باشوری پارێزگاکە.
ئیسرائیل ئەم کارانە وەک بەشێک لە رێکارە ئەمنییەکانی لەسەر سنور دەخاتە ڕوو، لە کاتێکدا چاودێران پێیانوایە ئەم کارە ئەندازیارییە بەردەوامانە سەپاندنی واقیعێکی مەیدانیی نوێیە لە ناوچەی دابڕێنەردا.
دەستپێکی جێبەجێکردنی "سۆفا 53" بۆ پێش روخانی رژێمی بەشار ئەسەد دەگەڕێتەوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ەوە خێراییەکی زیاتری بەخۆیەوە بینی، بەوپێیەی ئیسرائیل قۆستنەوەی گۆڕانکارییەکانی دوای روخانی رژێمی ئەسەدی بەکارهێنا بۆ فراوانکردنی کارە ئەندازیاری و سەربازییەکانی.
"پتەوکردنی سنورەکان"
لە بەرانبەردا، ئیسرائیل دەڵێت جوڵەکانی لە باشوری سوریا پەیوەندیدارن بە "هۆکاری ئەمنی و پێویستی رێگریکردن لە هەڕەشە ئەگەرییەکان بۆ سەر سنورەکانی"، لە کاتێکدا دیمەشق ئەم جووڵانە بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی خۆی و رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە ساڵی 1974 دەزانێت.
بەپێی زانیارییە ناوخۆییەکان، دەستبەسەرداگرتنی خاکی زەویوزاری کشتوکاڵی بە قووڵایی 300 تا 1000 مەتر لە هەندێک ناوچەدا تۆمارکراوە، لەوانەش داگیرکردنی نزیکەی حەوت هەزار دۆنم زەوی لە ناوچەی جەسبا خەشەب.
رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرونۆت"ی ئیسرائیلی پێشتر ئەم پڕۆژەیەی بە "پڕۆژەیەکی ئەندازیاریی زەبەلاح بۆ پتەوکردنی سنورەکان" وەسف کردبوو، بەوەی خەندەقی قوڵ و بەربەستی بەرگریی تێدایە.

ناڕەزایەتییەکانی سوریا
لە مانگەکانی رابردوودا ناڕەزایەتییەکانی سوریا بەرانبەر جوڵەکانی ئیسرائیل روی لە زیادبوون کردووە؛ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاندبوو، دیمەشق 65 حاڵەتی بەزاندنی سنوری لەلایەن ئیسرائیلەوە لە مانگی تەمموزدا و 52 حاڵەتی تر لە 18 رۆژی یەکەمی مانگی ئابدا تۆمار کردووە.
هاوکات ئەمڕۆش وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە راگەیەراوێکدا ئەو کارانەی ئیسرائیلی بە پێشێلکاری لەناو خاکەکەی وەسف کرد و رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی دەکەن.
مێژووی رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە نێوان سوریا و ئیسرائیل بۆ 31ـی ئایاری 1974 دەگەڕێتەوە، کە تێیدا بڕیاری جیاکردنەوەی هێزەکان و دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕێنەر لە نێوانیان بە چاودێریی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان درا.
ئاڵۆزییە سەربازی و سیاسییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێراییەكی زۆر روو لە هەڵكشان دەكەن، لە كاتێكدا 217 رۆژ بەسەر هەڵگیرسانی شەڕی وێرانكەری نێوان واشنتۆن و تاراندا تێپەڕ دەبێت، هیچ ئاسۆیەكی روون بۆ هێوربوونەوەی رەوشەكە بەدی ناكرێت؛ بەڵكو بەرەكانی جەنگ فراوانتر بوون و كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر گەروە ئاوییەكان و بازاڕەكانی وزەی جیهانی داناوە.
لێپرسراوانی كەنداو و یەمەن بە ئاژانسی رویتەرزیان راگەیاندووە، سعودیە بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی هەرێمی و رۆژئاوایی پلان بۆ هێرشكردنە سەر چەكدارانی حوسییەكانی یەمەن دادەڕێژێت، كە تێیدا لێكۆڵینەوە لە چەند بژاردەیەك دەكرێت لەوانە ئۆپراسیۆنێك لەسەر بەنداوی دەریای سور بۆ دابینكردنی ئاسایشی رێڕەوی كەشتیوانی لە دەریاكەدا یان دەستپێكردنی هێرش لەسەر چەندین بەرەی جیاواز و سەرتاسەری یەمەن بگرێتەوە.
ئاژانسەكە راشیگەیاندوە، شەش كەس كە ئاگاداری ئامادەكارییەكانن بۆ ئۆپراسیۆنەكە رایانگەیاندووە، چاوەڕوان دەكرێت لە هەفتەكانی داهاتوودا ئۆپراسیۆنەكانی سعودیە دەستپێبكات، هێزە یەمەنییەكان كە زیاتر لە 100 هەزار چەكدار كۆكراوەتەوە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكە دەكەن لەسەر زەوی سعودیەوە و هاوپەیمانەكانیشی بە هێرشە ئاسمانیەكان بەشداری دەكەن.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردوە، هاوپەیمانانی سعودیە رۆڵێكی راستەوخۆ بگێڕن لە ئۆپراسیۆنە جەنگییەكاندا، ئەمریكا لە ئێستادا زانیاری هەواڵگری بۆ ئۆپراسیۆنەكان لە یەمەن دابین دەكات، و هەندێك لە وڵاتانی هەرێمی و ئەوروپیش هاوكاری سەربازی كە زۆربەی بەرگریكارانەیە پێشكەشی سعودیە دەكەن.
ئەم پێشهاتانە لە كاتێكدایە، پێنتاگۆن جموجۆڵە سەربازییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕتر كردووەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی ئەسۆشیەت پرێس ئەمریكی، واشنتۆن سێیەم كەشتیی فڕۆكە هەڵگری رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست كردوە، كە ئەوەیش كەشتیی تیۆدۆر رۆزڤێڵتە، لەگەڵ گەیشتنی لەگەڵ كەشتیە فرۆكەهەڵگرەكانی دیكەی ئەمریكا كە جۆرج دبلیو بوش و جۆرج واشنتۆن جێگیردەكرێت، بەوەش نۆ هەزار سەربازی تری ئەمریكا زیاد دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
جگە لەوەش، بەپێی ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكا سیستەمی مووشەكیی پاتریۆتی رەوانەی سعودییە و قەتەر كردووە بۆ پاراستنی دامەزراوەكانی نەوت و گاز، شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەكەن، ئەم كۆكردنەوەی هێزە ئامانجی پەستانخستنە سەر تارانە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان، هاوكات بژارەی سەربازیی بەرفراوانتر دەداتە واشنتۆن ئەگەر دیپلۆماسی سەركەوتو نەبێت.
ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی سەرۆك (مام جەلال) رابەڕی شۆڕشی نوێ و دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێرداوی عیراق تێپەڕ دەبێت، كە 50 ساڵی تەمەنی بۆ خەباتی ئازادیی و رزگاریی و دیموكراسی و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد لە عیراق تەرخانكرد.
'جەلال حیسامەددین شوكروڵڵا تاڵەبانی' لە 12ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1933، لە گوندی كلكانی بناری چیای كۆسرەت لەدایك بووە، سەرەتای منداڵی هەر لەو گوندە بووەە و قۆناغی لاوێتیشی لە كەركوك و هەولێر بووە.
'سەرۆك مام جەلال' لە دوای ساڵی 1946 پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكات و لە رۆژنامەی 'رزگاری' لەژێر نازناوی 'ئاگر' وتارەكانی بڵاودەكردەوە، لە ساڵی 1947 وەك ئەندام لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەركی حزبی پێدەسپێدرێت، و لە ساڵی 1948دا، بەنوێنەرایەتی خوێندكارانی كۆیە، بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عێراق دەكات.
لە ساڵی 1951 دەبێتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی پارتی لە كۆیە، لە ساڵی 1952 ئەوكات كە خوێندكاری كۆلیژی ماف دەبێت لە زانكۆی بەغداد، رێكخستنەكان لە پەرتەوازەیی دەباز دەكات و، لە ساڵی 1953 بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵدەبژێردرێت، لە هەمان ساڵدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵدەبژێردرێت و ( یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان) دادەمەزرێنێت.
لە ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵدەبژێرێت، لە ساڵی 1958 سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی دەكات و لە هەڵگریسانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 بەرپرسیارێتی ناوچەی سلێمانی لە ئەستۆ دەگرێت، لە ساڵی 1963، بە سەرۆكایەتی وەفدێك دەچێتە بەغداد، بۆ چارەسەركردنی كێشە و داننان بە مافەكانی گەلی كوردا لە عێراق.
لە 1ی -6ی -1975 لە دیمەشق لەگەڵ لەگەڵ هەڤاڵانیدا 'نەوشیروان مستەفا و دكتۆر كەمال فوئاد و دكتۆر فوئاد مەعسوم و عادل موراد و عومەرشێخ مووس و عەبدولرەزاق فەیلی' یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیی دامەزراندو نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ دانا.
لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003، دەبێتە ئەندامی (ئەنجوومەنی حوكم) و بۆ خولێكیش سەرۆكی ئەنجوومەنەكە دەكات و لە نوسینەوە و داڕشتنەوەی دەستووری هەمیشەیی عیراقدا رۆڵی سەرەكیی دەگێرێت
لە 06 نیسانی 2005، مام جەلال بە 227 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عیراق بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا، و تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەكانەوە چووە ناو مێژووی كورد و هەروەها لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عیراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانەوە، .
'سەرۆك مام جەلال' دامەزرێنەر و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك كۆماری عیراقی فیدڕاڵ و داكۆكیكاری ماف و دیموكراسیی كورد لە عیراق، جگە لەوەی كە كەسایەتیەكی سیاسییە خەباتگێرێكی هۆشمەندو نووسەرو یاساناس، وەك رۆژنامەنووسێكیش بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری كردووە لە تیشكخستنە سەر تێكڕای بزووتنەوەی سیاسی عیراق و ناوچەكەو بزووتنەوەی سیاسی كوردی.
لەرۆژی 3/10/2017 (سەرۆك مام جەلال) لەتەمەنی 84 ساڵیدا، ماڵائاوایی كرد.
هەرێمی كوردستان و عیراقیش بۆ هەمیشە نەبەردی و تێگەشتن و رابەرایەتی و سەركردایەتی سەرۆك مام جەلال لە بیر ناكات و سەركردەكانی جیهانیش دۆستایەتی ئەویان لە یاد دەبێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئێران ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەیەکی بەهێز دەکات و بنکەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی "رویتهرز" لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە، ئێران خۆی بۆ وەڵامدانەوەیەکی فراوانتر و بەهێزتر ئامادە دەکات لە هەڵگەڕانەوە و دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییە بەرفراوانەکانی ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە تاران هاوتەریب بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی، کە لێپرسراوانی ئێرانی لە پشت پەردەوە سەرکەوتنی بە دوور دەزانن.
ئەم ئامادەکارییانە ئاماژەن بۆ بڕوابوونی سەرکردایەتیی ئێران بەوەی جوڵەیەکی سەربازیی نوێی ئەمریکا دەبێت بە وەڵامێکی زۆر توندتر لە پێشوو وەڵام بدرێتەوە، تەنانەت لەگەڵ هەوڵەکانی تاران بۆ رێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە رێگەی دانوستانەوە. لەو ئاراستەیەشدا لێپرسراوانی باڵای ئێران سەرقاڵی پێداچوونەوەن بە پلانەکاندا بۆ فراوانکردنی بازنەی ئامانجەکانیان بۆ دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆیتەرز رایگەیاندووە، لە دوای گەڕانەوەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە نیویۆرک، سەرکردە و لێپرسراوە باڵاکانی تاران سەرنجیان خستووەتە سەر دیاریکردنی ئاست و کاتی وەڵامدانەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی دیکە لەلایەن واشنتنەوە، ئەگەرچی بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام پرۆسەی داڕشتنی پلانەکان خێراتر بوون، لە کاتێکدا هیچ لایەنێکیان ئاماژەیەک بۆ سازشکردن پیشان نادەن.
ئەم ئامادەکارییانە دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر دەستپێکی ململانێکان و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوودا دێن، ئەگەرچی رێککەوتنی ئاگربەست لە 8ـی نیساندا هێرشە سەربازییە گەورەکانی راگرت و کۆتایی بە قۆناغێکی 40 رۆژەی جەنگ هێنا، بەڵام لەو کاتەوە بەردەوام پێکدادان و جوڵەی سەربازی لە نێوان هەردوو لادا نوێ دەبێتەوە.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، تاران دەیەوێت بە پەرەپێدانی ئاستی گرژییەکان هاوسەنگیی هێز بگەڕێنێتەوە، لە لایەکی تریشەوە، تاران چاوی لەسەر مەترسییە سیاسییەکانی سەر دۆناڵد ترەمپە لە ئەگەری درێژەکێشانی جەنگەکەدا، بە تایبەت کە راپرسییەکان دەریانخستووە شەرەکە لە ناوخۆی ئەمریکادا بەناوبانگ نییە و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیش نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە.
لە چوارچێوەی هەمان ئامادەکارییەکاندا، تاران رێنمایی داوەتە گروپە هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، یەمەن و عیراق بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ پاڵپشتیکردنی ئێران، بە شێوازێک کە وەڵامدانەوەیەکی هاوئاهەنگکراو لە گەروی هورمزەوە تا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئامادەکارییەکان بۆ جەنگێکی بەرفراوانتر، تاران کەناڵەکانی دانوستانی دانەخستووە، لە میانی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران رێگەی نێوەندگیرە قەتەرییەکانەوە پێشنیازێکی دایە واشنتۆن کە بەپێی ئەوە دەستبەجێ گەروی هورمز دەکرایەوە و شەڕ رادەگیرا، لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان، ئازادکردنی 12 ملیار دۆلاری دەستبەسەرداگیراو و بەخشین لە سزاکانی نەوت.
لە بەرانبەردا ترەمپ رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی راگەیاند، بەڵام تاران رایگەیاندووە وەڵامێکی نوێی ئەمریکایان لە رێگەی قەتەرەوە بەدەستگەیشتووە و پێداچوونەوەی بۆ دەکەن، بەپێی سەرچاوەکان واشنتۆن دەیەوێت پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەش بێنێتە ناو دانوستانەکان، بەڵام ئێران جەخت دەکاتەوە تا مەرجەکانی جێبەجێ نەکرێن هیچ دانوستانێکی ئەتۆمی دەست پێناکات.
روداوی تێكچوونی رەوشی فڕۆكەی كۆمپانیای فلای دوبەی كە لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەبیب بەڕێوەبوو و ناچار بوو بە شێوەیەكی بەپەلە لە فڕۆكەخانەی تەبووك لە سعودیە بنیشێتەوە، كاردانەوەی بەرفراوانی لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان لێكەوتەوە.
لە كاتێكدا لێكۆڵینەوە رەسمیەكان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی سعودیە، ئیمارات و هیندستانەوە هێشتا كۆتاییان نەهاتووە، رۆژنامە و ناوەندە شیكارییەكان بە تایبەتیش رۆژنامەی هائارتیس ئاماژە بەوەدەكەن، بەنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، دەستیكردووە بە وەبەرهێنانی سیاسیی گەورە لەم روداوەدا و بەراوردی دەكات بە هێرشەكانی 11ی سپتێمبەر.
نتنیاهۆ راشیگەیاندوە، ئیمارات رازی بووە ئیسرائیل بەشداری لە لێكۆڵینەوەكاندا بكات، لەگەڵ ئەوەی ناتانیاهۆ دانی پێدانا كە هیچ زانیارییەكی هەواڵگرییان پێشوەختە نەبووە و بەڵگەی راستەوخۆ نییە، بەڵام رایگەیاند، بەزوویی دەیزانی ئەگەر ئێران لە پشتی ئەم هەوڵەوە بووایە.
بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی "فڵایت رادار 24 یش، فڕۆكەكە لە بەرزیی 34 هەزار پێیەوە لە ماوەی تەنها یەك خولەكدا دابەزیوە بۆ كەمتر لە 17 هەزار پێ، بەوەش فرۆكەوانەكە توانیوەتی فڕۆكەكە 174سەرنشینی ناوفرۆكەكە رزگاربكات كە 166یان ئیسرائیلی بوون.
شایەتحاڵییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، یاریدەدەری فڕۆكەوانەكە كە بە رەگەز عومانییە هێرشی كردووەتە سەر فڕۆكەوانە سەرەكییەكە سمیت ماتشار، هاووڵاتی هیندی و بە چەقۆ برینداری كردووە بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی فڕۆكەكە و خستنەخوارەوەی، پاشان چەند سەرنشینێك توانیویانە بچنە ناو قۆبەی فڕۆكەكەوە، دەستبەسەر یاریدەدەری فڕۆكەوانەكەدا بگرن و بیبەستنەوە.
چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكان لە نێوان نێودەوڵەتی و ئیسرائیلدا جیاوازییەكی بەرچاوی تێدا بەدی دەكرێت، لایەنی پەیوەندیدار هەڵوێست و داوكاری رەسمی كۆمپانیای فلای دوبەی رایگەیاند، ئەنجامی ئاڵۆزییەكە دیار نییە و رووداوەكە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.
داواكاری گشتی ئیماراتیش فەرمانیكرد بە دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە بۆ زانینی ئەوەی ئایا پەیوەندی بە چالاكی تیرۆریستییەوە هەیە یان نا.
لە لایەكی ترەوە، لایەنە ئەمنییەكانی ئیسرائیل و سعودیە دانیان بەوەدانا كە لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی سعودیەدا هیچ بەڵگەیەك نەدۆزراوەتەوە كە سەلمێنەری دەستوەردانی رێكخراوێكی تیرۆریستی یان دەوڵەتێك بێت.
بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، پێدەچێت یاریدەدەری فرۆكەوانەكە تیرۆرست بوبێت ئەمە جگە لەوەی هەر زوو وەزیرە توندڕەوەكانی ئیسرائیل وەك وەزیری بەرگری و ئابووری روداوەكەیان دەستبەجێ وەك هێرشی جیهادی و هەوڵێك بۆ كوشتنی ئیسرائیلییەكان لەقەڵەمدا.
روداوی فڕۆكەی فلای دوبەی رەهەندێكی مرۆیی و ئەمنی مەترسیداری هەبوو، كە بە سەلامەتی سەرنشینان كۆتایی هات، بەڵام خێرا بووە كارتێكی فشار و بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوخۆی ئیسرائیلدا، لە كاتێكدا لێكۆڵینەوە رەسمیەكانی سعودیە، ئیمارات و ئەمریكا بەردەوامن و تا ئێستا هیچ دەستێكی دەرەكی یان رێكخراو نە سەلمێنراوە.
یەکێک لەو گەنجانەی بەهۆی روبەڕوبونەوەی نێوان دژەتیرۆری عیراق و تیرۆرستانی داعش لە پردێ کوژرا، ناوی محەمەد هێمنە و پەیوەندی بە داعشەوە نییە و بە شەهید تۆمار دەکرێت.
وتەی پارێزگاری کەرکوک
محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند: محەمەد هێمن بە شەهید تۆمار دەکرێت.
سەرەتای روداوەکەی پردێ
رۆژی 27ـی 9ـی 2026، لە پردێ، روبەڕوبونەوە لەنێوان دژەتیرۆری عیراق و تیرۆرستانی داعش رویدا، دوای روداوەکە دژەتیرۆری عیراق کوژرانی سێ کەسی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدابوو، "دوو کەسیان داعشن و کەسێکی دیکەشیان مێرمنداڵێکە کە پەیوەندی بە روبەڕوبونەوەکەوە نییە".
زانیاریی کوردسات نیوز
دوای روداوەکە ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: کوڕی خاوەن ئەو کۆگایەی کە روبەڕوبونەوەکە تێیدارویداوە بێسەروشوێنە.
ئەمڕۆش، 29ـی 9ـی 2026، پەیوەندی بە کەسوکاری ئەو کوڕە بێسەروشوێنەوە کراوە و پێیانراگەیەندراوە کە تەرمەکەی لە پزیشکی دادیی کەرکوکە.
وتەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک
سەبارەت بە روداوەکە، د. ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند: سەرچاوەمان هەیە کە دوای کوژرانی گەنجەکە پێناسی کەسێکی داعشیان کردووەتە گیرفانی.
هەر سەبارەت بەو روداوە، مازن غەریب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاماژەی بەوەدا: هێزە عیراقییەکان دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو گەنجەیان بە هەڵە شەهید کردووە، ئەمە جێگەی قبوڵ نییە و سەرۆک کۆمارمان ئاگادار کردووەتەوە.
مێرمنداڵێکی دیکەش شەهید بووبوو
هەر لە روداوەکەدا، مێرمنداڵیکی دیکە بەناوی موراد زانا شەهید کوژرا، دواتر رێبوار تەها بە کوردسات نیوزی راگەیاند، "موراد زانا بە شەهید تۆمار دەکرێت".
بەغداد خۆی بۆ راگەیاندنی رۆژی سەروەری ئامادە دەكات، ئەم وەرچەرخانە مێژوویییەش، دۆسیەی ئەمنیی عیراق دەخاتە قۆناغێكی نوێوە كە تێیدا بڕیاری ئەمنی و سەربازی بە تەواوی دەكەوێتە دەست هێزە ناوخۆیییەكان، بەڵام پێشبینی كۆمەڵێك ئاستەنگی هەرێمی و ناوخۆیی لێدەكەوێتەوە.
رادەستكردنەوەی بنكەكان و راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمنی لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی كشانەوەدا، حكومەتی عیراق وەرگرتنەوەی بارەگای سەرەكیی هێزەكانی ئەمریكای لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد راگەیاند، هاوشانی رێككەوتن لەگەڵ توركیا بۆ كشانەوە لە بنكەی بەشیك لە نەینەوا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەخت دەكاتەوە، بەغداد بووەتە خاوەنی بڕیاری ڕەها لەسەر خاكی خۆی و پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان دەگوێزرێنەوە بۆ ئاستی ڕێككەوتنی دووقۆڵی لە بواری مەشق، پڕچەككردن و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری.
فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی عیراق رایگەیاندووە، تەواوی ئەركە ئاسمانییەكان، بەكارهێنانی فڕۆكەكانی ئێف 16 و تی -50 و سیستەمی ڕاداری بە تەواوی لەلایەن سەربازان و فڕۆكەوانە عیراقییەكانەوە بەڕێوەدەبرێن و ئەندازیارانی ناوخۆیی 100%چاككردنەوەی فڕۆكە جەنگییەكان ئەنجام دەدەن
لەلایەكی دیكەوە، لە كاتێكدایە حكومەتی عیراق ئامادەكاری بۆ ئاهەنگگێڕان دەكات، نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان لە چۆڵبوونی چەتری بەرگری زیادیكردوە بە تایبەتیش لەلای مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نیگەرانیی قووڵی دەربڕیوە لە شوێنەوارەكانی ئەم كشانەوەیە.
پێیانوایە، بەجێهێشتنی هەرێمی كوردستان بەبێ دابینكردنی هیچ سیستەمێكی بەرگری كە بیپارێزێت، بابەتی نیگەرانییە، چونكە هاوكاتن لەگەڵ ئاڵۆزییە بەردەوامەكانی ناوچەكە و مەترسیی بڕین و بەكارهێنانی ئاسمانی هەرێمی كوردستان لەلایەن درۆن و مووشەكی گروپە چەكدارەكان یان ململانێ هەرێمییەكانەوە
بەپێی ئەو خشتەی دیاریكراوە، لەسەرەتادا پێش 30ی ئەیلوول بەستنی رێككەوتنی دووقۆڵی لەنێوان حكومەتی فیدراڵی عیراق و ئەندامانی هاوپەیمانی ئەنجامدەدرێت، لە 30 ئەیلوول كۆتاییهاتنی راگەیاندی رەسمی ئەركی هاوپەیمانان و ڕۆژی سەروەری حكومەتی عیراق، لە رۆژی دواكشانەوەش داواكاری بۆ پاراستنی ئاسمانی هەرێم و سیستەمی بەرگری داوادەكرێت.
ئامادەكارییەكانی عیراق تەنها لە چوارچێوەی سەربازیدا نەماوەتەوە؛ بەڵكو بەغداد رووبەڕووی فشاری سیاسی و ئابووریی توند بووەتەوە.
واشنتۆن هۆشداریی جددی داوەتە بەغداد لەبارەی بەكارهێنانی ئاسمانی عیراق یان فڕۆكەخانەی نەجەف بۆ فڕۆكە ئێرانییەكان كە كەوتوونەتە ژێر سزای ئەمریكاوە، ئەمەش بەغدای خستووەتە بەردەم بژارەی توند بۆ پاراستنی كەرتی فڕۆكەوانیی خۆی لە سزای لاوەكی.
سەرەڕای سنوورداربوونی مەترسییەكانی داعش بەڵام بەغداد هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ دروستكردنی فەرماندەیییەكی سەربەخۆ بۆ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و كڕینی فڕۆكەی جەنگی نوێی وەك رافالی فەرەنسی بۆ تەواوكردنی سەروەریی ئاسمانی.
عیراق لە 30ی ئەیلوولدا پێ دەنێتە قۆناغێكەوە، تێیدا تا چەند دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، ڕێگریكردن لە دەستتێوەردانی هەرێمی، و دابینكردنی ئاسایش بۆ تەواوی ناوچەكان لەوانەش هەرێمی كوردستان بپارێزێت، دەبێتە تاقیكردنەوەی راستەقینە بۆ دامەزراوە ئەمنییەكانی بەغداد.
رامابای رەنیڤ، ژنێکی تەمەن 47 ساڵی هیندستانە و خۆی و کچێکی پێکەوە دەژین، ئەم ژنە بەشداری پێشبڕکێیەکی کردووە بۆئەوەی 31 دۆلار بەدەستبهێنێت و پێداویستی خوێندنگە بۆ کچەکەی بکڕێت.
ئام دایکە لە ژیانیدا بەشداری هیچ پێشبڕکێیەکی دیکەی نەکردووە، تەنانەت هیچ راهێنانێکیشی نەکردووە و بە پێی پەتیش لە پێشبڕکێکەدا بەشداری کردووە.

لەگەڵ ئەوەدا کە کاردانەوەی خەڵک بۆ کاری دایکەکە زۆر سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا رەخنە لە حکومەتی هیندستان گیراوە لەبەر ئەوەی رەوشی خەڵک نابێت ئەوەندە خراپ بێت، بەتایبەت ژنێک کە بەتەنها لەگەڵ منداڵەکەیدا دەژی.

رامابای رەنیڤ، ماڵەکەی لە ناوچەی 'بید'ـە لە رۆژئاوای ویلایەتی مەهاراشترا، دەڵێت: کچەکەم بەیانییەکی زوو هاتە لام و وتی، دایکە، دەمەوێت لە پێشبڕکێی راکردندا بەشداری بکەم"، منیش لێم پرسی پێشبڕکێکە لەکوێیە، ئەویش وتی، "هەر لێرە لە نزیک خۆمانە، گەر یەکەم بم دەتوانم بە پاداشتەکەی پێداویستی خوێندنگە بکڕم".
ئەم دایکە دڵسۆزە دەڵێت: بڕیارمدا خۆم بەشداری بکەم و تەنها ئاواتم ئەوەبوو خەڵاتەکە ببەمەوە.
رامابای رەنیڤ، لە ساڵی 2012ـەوە هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردووە، لەوکاتەوە بەرپرسیارێتی بنەماڵەکەی کەوتووەتە سەرشان، لە پێشبڕکێکەشدا پێش هەموو رکابەرەکانی کەوتووە.

ئەم ژنە لە تەمەنی 13 ساڵیدا وازی لە خوێندن هێناوە، ئێستا نایەوێت کچەکانی هەمان چارەنووسیان هەبێت، بۆیە دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت کچەکانی لە خوێندن بەردەوام بن.
رامابای رەنیڤ، سەبارەت بە ژیانی کچەکانی زۆر بە راشکاوانە دەڵێت، "من نامەوێت ئەوان ئازار ببینن، نامەوێت هەمان چارەنووسی منیان هەبێت".