تۆمیکۆ ئیتۆکا، لە تەمەنی ١١٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئەو ژنەی لە ریکۆردی گینسدا بە بەتەمەنترین کەسی جیهان ناوی تۆمارکراوە.

تۆمیکۆ لە ناوچەی شیا لە ناوەڕاستی یابان لە خانەی بەساڵاچوواندا دەژیا، ئەگەرچی لە ٢٩ی مانگی ١٢دا کۆچی دوایی کرد، بەڵام هەواڵەکە درەنگتر بە میدیاکان راگەیەنرا.

تۆمیکۆ تاوەکو کۆتایی تەمەنی کە کۆچی دوایشی کرد، یەکێک لە خواردنە سەرەکییەکانی مۆز بووە، هەروەها حەزی بە خواردنەوەی کالبیسی یابانی کردووە، کە ئەو خواردنەوەیە بنەڕەتەکەی کەمێک تامی شیر و ترشییە، غازی تێدا نییە، هەروەها سەرەڕای ئەو تامە بنەڕەتییەی بە چەند تامێکی دیکە ئامادە دەکرێت، لەوانەش ماست و ڤانێلا و چەند تامێکی میوە، ئەوە تۆمیکۆ زیاتر حەزی لێبووە، کالبیس بووە بە تامی ماست.

کالبیس خواردنەوەیەکی باوی یابانە، کە سودەکانی بەرێژەیەک زۆرن، رۆڵی بەرچاو دەگێرێت لە چالاککردنی مێشک و بەهێزکردنی توانای زیرەکیدا، هەروەها بەرگری جەستە بەهێز دەکات و لەگەڵ بەکتریاکانی ریخۆڵەدا دەجەنگێت بۆ پاراستی سیستمی هەرس بە چالاکی و تەندروستی، کە ریخۆڵەکان بە "مێشکی دووەم" ناودەبرێن چونکە کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر هەست و رەفتاری مرۆڤەکان دروست دەکات.

لەدوای مردنی ماریا برانیاسی ١١٧ ساڵ لە ساڵی رابردوودا، تۆمیکۆ بە بەتەمەنترین کەسی جیهان ناوی تۆمار کرا. لە ٢٠ـەکانی تەمەنیدا هاوسەرگیری کردووە و دوو کچ و دوو کوڕی هەیە.

یابان یەکێکە لەو وڵاتانی زۆرترین کەسانی بەتەمەنی تێدایە و تاوەکو مانگی ٩ی ساڵی رابردوو ریکۆردی جیهانی شکاند بەوەی، ٩٥ هەزار و ١٠٠ کەسی وڵاتەکە تەمەنیان گەیشتووەتە ١٠٠ ساڵ و زیاتر.