میدیاكانی ئیسرائیل: ترەمپ و ناتانیاهۆ لەسەر كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە رێككەوتن
٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ترەمپ و ناتانیاهۆ رێككەوتن لەسەر كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لە ماوەی دوو هەفتەدا و سەرجەم بارمتەكانیش ئازاد دەكرێن.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رێككەوتن لەسەر كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و فراوانتركردنی هاوپەیمانێتی ئیبراهیمی و سەرجەم بارمتەكانیشی ئازاد دەكرێن.
جەختیشیان کردەوە، بەپێی ئەو رێككەوتنە چوار وڵاتی عەرەبی لە ناویاندا ئیماڕات و میسر، غەززە بەڕێوەدەبەن و بزوتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە دووردەخەنەوە و لە دەرەوەی هاوكێشەكان دەبێت.
ئاشکراشیانکرد، "سوریا و سعودیە لە قۆناغی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانن لەگەڵ ئیسرائیلدا و بەشێك لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكانیش دەچنە ناو هاوپەیمانی ئیبراهیمی".
میدیاكانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەشکرد، ناتانیاهۆ لە مانگی داهاتوودا سەردانی كۆشكی سپی دەكات و غەززە و هاوپەیمانی ئیبراهیمی بابەتی سەرەكی گفتوگۆكان دەبێت.