گەلاوێژخان: ئەوە خەباتی ژنان بوو کە ئەم ڕۆژەی کردە بۆنەیەکی جیھانی
کوردسات نیوز
٨ی ئازاری ٢٠٢٣
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیھانیی ژنانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لەسەرجەم ژنانی جیھان بەگشتی و ژنانی کوردستان بەتایبەتی دەکەم و بەتایبەتتریش دایک و ھاوسەر و کچانی شەھیدانی گەل و نیشتیمانەکەم.
ئەم ڕۆژە سەلماندنی ئەو حەقیقەتەیە کە ژنان سەنگ و قورسایی و ڕۆڵی سەرەکییان ھەبووە و ھەیە و دەبێت لە پێشخستنی ژیان و پەرەپێدانی ھەموو کایە و بوارەکان لە سەرانسەری جیھاندا، ئەوە خەباتی ژنان بوو کە ئەم ڕۆژەی کردە بۆنەیەکی جیھانی و ساڵانەیش ژنانی کورد بەسەربەرزییەوە یادی دەکەنەوە.
ژنانی کورد ھەر لەدێر زەمانەوە ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە و ئەمەی ئێستایش درێژەپێدەری ئەو ڕۆڵ و پێشڕەوایەتییەیە کە داپیرە مەزنەکانمان گێڕاویانە و ناویان بە پیتی زێڕین لە مێژووماندا تۆمارکراوە.
ژنی کورد لە خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەیدا شانبەشانی پیاوان لە سەنگەری بەرگری و پاراستنی بەھابەرزەکانی کوردەواریدا بووە و بە چەک و بیر و پەروەردە و پێگەیاندن تێکۆشاوە.
ژمارەی ئەو ژنە تێکۆشەرانە کەم نین کە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگایەتیدا خوێنی گەشیان ڕژاوە و بووەتە گوڵاڵەسوورەی نیشتیمانەکەمان بۆیە لەمڕۆژەدا پێش ھەموو کەس دەستی گەورەیی و میھرەبانیی بۆ ئەوان بە سنگەوە دەگرین.
ئێستا خەباتی ژنان بەتایبەت لەم بەشەی نیشتیماندا گۆڕاوە بۆ خەباتی مەدەنی و ئەرکی ئیداری و پێشخستنی بەھا بەرزە کۆمەڵایەتییەکانی کوردەواری کە چاکی مەردانەیان لێکردووە بەلادا و ھیچ بوارێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی و ئیداری و پەروەردەیی و حکومیی نابینین کە دەیان و سەدان ژنی ڕووسووری کورد گەورەیی خۆیی تێدا نەسەلماندبێت.
ئێوە کچان و ژنانی میھرەبان و ڕووسوور و سەنگین و سەلاری کۆمەڵی کوردەواری، ئەرکی ئەمڕۆتان یەکجار قورس و زەحمەتە بەڵام دڵنیاین شانی بەشکۆی ئێوە و خۆڕاگریی و دڵنەرمی و سۆز و وەفاداریتان ھەموو ئەرکێکتان بەلاوە ئاسان دەکات و سەربەرزانە ھەر یەکەتان لە بواری خۆیدا درێژە بە خەباتی ژنانەی خۆتان دەدەن.
سڵاو بۆ تەوارە شەھیدەکان.. سڵاو بۆ ئەو دایکە میھرەبانانەی کچ و کوڕی خۆیان بە بیری پێشکەوتووخوازیی پەروەردە دەکەن.. سڵاو بۆ ژنانی جیھان.