وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هەموو تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئەم هەفتەی دوا خستووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، “لەبەر بەرژەوەندی گشتی، ئەم هەفتەیە واتە لە سبەی رۆژی شەممە 14ـی 6ـی 2025ەوە هەموو تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە حکومی و ناحکومیەکان بە قوتابخانە ناحکومیە نێودەوڵەتیەکان و تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە دوا دەخرێت.”

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەروەها تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابخانە حکومی و ناحکومیەکانیش هەمووی بۆ هەفتەی داهاتوو دوا خراون.

وەزارەتی پەروەردە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “لە هیچ ناوەندێکی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە تاقیکردنەوەکان ئەنجام نادرێن.”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “پاشتر لە رێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە خشتەی تاقیکردنەوەکان ئاگادارتان دەکەینەوە.”