"د. ئارام محەمەد" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ سەرجەم سەرۆک زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە ماوەی ڕابردودا کاریان کردوە بۆ ئەوەی ڕیفۆرمی قوڵ لە سیستمی خوێندن بکەن.

وتیشی، لە زانکۆ حکومیەکان بەگشتی و زانکۆ تایبەتەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا ٤٥% ی کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێل و ١٠% تا ٢٥% کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان داشکێنراوە، بەڵام ھێشتا زانکۆ تایبەتەکان دەبێت لەڕێگەی پرۆگرامی سکۆڵەرشیپی تایبەتەوە ھاوکاری زیاتری خوێندکارانی سەرکەوتو بکەن و نەھێڵن کرێی خوێندن ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەدیھێنانی ئاواتەکانیان.

جەختی لەوەشکردەوە، ھەوڵ دەدەن زانکۆکانی ھەرێم ببنە باشترین زانکۆکان لە سەرتاسەری جیھان و لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت عێراقیش، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری ڕاستەقینە لە بەرھەمھێنانی توانا مرۆییەکانی وڵاتدا بکەن.