ماوەی چەند رۆژێک بوو باری تەندروستی نووسەر و وەرگێڕی کورد د. عەزیز گەردی تێکچوبوو، ئەمڕۆ و لەدوای نزیکەی ٥ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، لە میانەی بەسەرکردنەوی لە نەخۆشخانە رایگەیاند، د.عەزیز گەردی بێ ھیچ چاوەڕوانییەک ھەموو تەمەنی تەرخان کرد بۆ خزمەتکردنی زمان و ئەدەبی کوردی و لە ڕێی وەرگێڕانی شاکارە ئەدەبییە جیھانییەکانەوە کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کرد. 

د. عەزیز گەردی گرێیەکی شیرپەنجە لە گورچیلەیدا ھەبوو، بەو ھۆیەوە مانگی ئازاری ئەمساڵ نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجامدراوە و دواتر دۆخی تەندروستی باش بووەتەوە.

بەڵام لەدوای چەند رۆژێک لە نەشتەرگەری، دۆخی تەندروستی تێکچووەتەوە و دووبارە رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ھەولێر کراوەتەوە.

نووسەر و وەرگێڕی کورد د. عەزیز گەردی لە ساڵی ١٩٤٨ لە ھەولێر لە ناوچەی بەحرکەی لەدایکبووە، زیاتر لە ٢٠٠ بەرھەمی لە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، روسی و فارسی-یەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

یەکێک لە دیارترین بەرھەمە وەرگێردراوەکانی د. عەزیز گەردی بریتیە لە؛ (داغستانی من و کۆمیدیای یەزدانی دانتی). جیا لە کارە وەرگێڕانەکانیشی، د. عەزیزی گەردی چەندین بەرھەمی تایبەت بە خۆشی ھەیە، وەک؛ رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ئەدەب و رەخنە، ئەدەبی بێگانان، پیاوێک، سەروا، کێشی شیعری کالسیکی کوردی.

عەزیز گەردی لە چەندین قوتابخانە وانەی وتووەتەوە و پاشان دوای تەواوکردنی زانکۆ لە کۆلێژی ئاداب، بەشی زمانی کوردی بووەتە مامۆستای زانکۆ لە ھەمان بەش و ماوەیەکیش سەرنووسەر بووە، بەڵام بەھۆی ھەڵنەپڕژان بۆ کاری وەرگێڕانەکەی دەستیلەکارکێشاوەتەوە و بەیەکجاری لە ماڵەکەیدا بەبێ پێکھێنانی ژیانی ھاوسەرگیری خۆی بۆ وەرگێڕان و ئەدەبی زمانی کوردی تەرخانکردووە.