ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوا لە ئێران دەکات سەردانی دامەزراوە ئەتۆمیەکانی بکات
ئاکام مستەفا
١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند نیگەرانن لە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ژێر زەوی و داوای لە ئێران كرد هەنگاوی كردەیی و قۆناغ بە قۆناغ بنێت بۆ ئەوەی پشكنین بۆ بنكە و دامەزراوە ئەتۆمییەكان ئەنجام بدەن.
بە پێی راپۆرتێكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە كۆبوونەوەی دەستەی پارێزگارانی ئاژانسەكەدۆسیەی ئەتۆمی ئێران تاوتوێ بكرێت ئاژانسەكە داوا بكات بەبێ دواكەوتنی زیاتر چاودێری و پشكنینی دامەزراوە و بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەنجام بدرێت.
رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەكە رایگەیاند، هانی تاران دەدەن رێكارە تەكنیكیەكان بگرێتەبەر و بە چەند قۆناغێك هەلی گەڕانەی پشكنەرانی ئاژانسەكە برەخسێنێت بە مەبەستی دروستكردنی كەشێكی لەبار بۆ بەهێزكردنی متمانە و زەمینەسازی بۆ رێككەوتنێكی فراوانتر.
پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە دوای هێرشی حوزەیرانی 2025 بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكان و هەڵگیرسانی جەنگی ئەم دواییە، نەیانتوانیوە سەردانی دامەزراوە سەرەكییە ئەتۆمییەكانی ئێران بكەن، جگە لە سەردانێكی كورت بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا.
لەراپۆرتەكەدا هۆشداریدراوە، بەهۆی نەبوونی هاوكاریی پێویست ئاژانسەكە ناتوانێت دڵنیایی بدات لەوەی كەرەستە و ماددە ئەتۆمییەكان لە ئێران لە رێڕەوی ئاشتییانەی نەگۆڕاون بۆ مەبەستی سەربازی و ئەم بێئاگاییەش بووەتە مایەی نیگەرانییەكی زۆر قوڵ لەسەر ئاستی جیهان لەبارەی بڵاوبوونەوە و پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی و پێویستە دەستبەجێ چارەسەر بكرێت.
بە پێی خەمڵاندنەكانی ئاژانسەكە پێش دەستپێكردنی هێرشەكان ئێران خاوەنی نزیكەی 440 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە بە رێژەی 60% و زۆر نزیكە لە ئاستی 90%ی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، بەڵام لە دوای هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل چارەنووسی یۆرانیۆمەكە بە نادیاری ماوەتەوە.
لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەهۆی پابەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنەكانی، دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرز كردەوە و ئەمەش یەكەم هەنگاوی لەو شێوەیە بوو لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا.
سەرەڕای ئەم نیگەرانییانە تاران هەمیشە جەختی لەوەكردوەتەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نادات و بەرنامەكەی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنی و ئاشتییانەیە



