لۆکسمۆمبۆرگ، وەک وڵاتێکی دەوڵەمەند لەناو دڵی ئەوروپادا، لە نوێترین هەنگاویدا بڕیاریدا کارئاسانی بکات بۆ زیاتر لە 20 جۆر لە خاوەن پیشەی جیاواز بۆ گەیشتن بە وڵاتەکە، مانەوە تیایدا و دەستخستنی هەلی کار. 

ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدایە کە کاربەدەستانی وڵاتەکە دەستیان پێکردووە بۆ رێکخستنەوە و بەرەوپێشبردنی بازاڕی کار و گەشەکردنی کەرتی تایبەت لە بوارەکانی دارایی، چاودێریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی، ئەندازیاری و پیشە تەکنیکییەکاندا.

سەڕەڕای بچووکی رووبەرەکەی کە (2400 کم ) و ژمارەی دانیشتووانەکەی کە (680.000) کەسە  کە زۆربەیان لەدایکبووی وڵاتانی دیکەن، لۆکسمۆمبۆرگ هەلێکی زۆری کاری رەخساندووە، بە جۆرێک کە بیانییەکان 75٪ی دەستی کار لەو وڵاتە پێکدەهێنن.

وڵاتەکە بەردەوام هانی خاوەن پیشە و توانا جیاوازەکان دەدات لە تەواوی جیهانەوە رووی تێبکەن و هەلی کار و ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، لیستی ئەو کار و پیشانەی بڵاوکردووەتەوە کە پێویستی پێیانە، لەوانە:

دروستکردنی خانوو و بەڕێوەبردنی کاری تەلارسازی

میکانیکی و چاککردنەوە

کارمەندی چاودێریکردن و چاککردنەوەی هێڵی ئاسنین

ژمێریاری، کارگێڕی و راوێژکاریی کارگێڕی

کارمەند و راوێژکاری یاسایی و بانکداری

چاودێریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی، و پەرستاری

چاودێریکردن و فێرکردنی منداڵ و کەسانی خاوەن بارودۆخی جیاواز

شارەزایانی بواری تەکنەلۆجیا و بەرنامەکان

چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان، و چەندین هەلی کاری جۆراوجۆری دیکە.

شایەنی باسە، پێشتر چەند رێکارێکی کارگێڕی و یاسایی هەبوون کە گەیشتن بەو وڵاتە و دەستخستنی هەلی کاریان لەسەر داواکاران قورس کردبوو. بەڵام بەهۆی گەشەسەندنە خێرایەکەی لە بوارەکانی بازرگانی و بونیاتناندا، و هاوکات فشاری زۆری نەبوونی دەستی کار، ئاژانسی نیشتمانیی دەستی کار لەو وڵاتە (ADEM) کارئاسانیی زۆری بۆ ئەو کەسانە کردووە کە خوازیارن لە هەر وڵاتێکی جیهانەوە بچنە لۆکسمۆمبۆرگ و کار بکەن، لە کاتێکدا پێشتر ئەم دەرفەتە تەنیا بۆ هاوڵاتییانی وڵاتانی ئەوروپا بوو.

لۆکسمۆمبۆرگ وڵاتێکی ئەوروپیی بچووکە لە رووی رووبەر و ژمارەی دانیشتووانەوە و لە ساڵی 1890لە هۆڵەندا جیابووەتەوە. هاووڵاتییانی لە ژیانێکی خۆشگوزەرانیی کەم وێنەدان و ئەمن و ئاسایشێکی تەواو جێگیری هەیە و بەردەوام لە گەشەکردندایە، ئەمەش وایکردووە هەمیشە پێویستی بە دەستی کار لە سەرجەم پیشە و پسپۆڕییە جیاوازەکاندا هەبێت.