سێ ساڵ بەسەر روداوەکانی حەوتی تشرینی یەکەمی 2023دا تێپەڕ دەبێت، ئەو  رۆژەی نەک هەر رەوتی روداوەکانی لە کەرتی غەززە گۆڕی، بەڵکو تەواوی نەخشەی ئەمنی و سیاسیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داڕشتەوە.

لەو رۆژەدا، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شارۆچکە و شوێنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە هاوسنووری غەززە، کە بەپێی ئامارە رەسمییەکانی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی 1,221 کەس و بەدیلگرتنی 251 کەسی تر.

ئیسرائیل بە هەڵمەتێکی سەربازیی بێوێنە و کاولکەرانە وەڵامی دایەوە. ئەم جەنگە خوێناوییە بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو، تا سەرئەنجام لە 10ی تشرینی یەکەمی 2025 رێککەوتنی ئاگربەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەرچەندە رێککەوتنەکە بووە هۆی ئازادکردنی بەندکراوانی فەلەستینی و بارمتە ئیسرائیلییەکان—کە پرۆسەی گەڕاندنەوەی سەرجەمیان (سەرجەم زیندووان و تەرمەکان) لە کانوونی دووەمی 2026 کۆتایی هات، بەڵام ئاگربەست نەبووە هۆی یەکلاکردنەوەی پرسە ریشەییەکانی وەک چەکداربوونی حەماس، کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل و شێوازی بەڕێوەبردنی غەززە.

ماڵوێرانیی مرۆیی و داڕمانی ژێرخانەکان

باجی مرۆیی و مادیی ئەم جەنگە بێپێشینە بووەم، بەپێی دوا ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە لە شەشی تشرینی یەکەمی 2026دا، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 74,245 کەس و زیاتر لە 175,267 کەسیش بریندار بوون.

تەنانەت لە دوای ئاگربەستیشەوە، بەهۆی دەستڕێژی و روداوە جیاوازەکانەوە 1,462 کەسی تر کوژران و لاشەی 836 کەسیش لەژێر داروپەردودا دەرهێنراونەتەوە.

لە رووی ژێرخانەوە، هەڵسەنگاندنێکی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و بەیاننامەی بانکی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە 371 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون (واتە 76.6٪ی کۆی خانوو و شوقەکانی غەززە) بە تەواوی یان بەشێکی وێران بوون.

زۆربەی قوتابخانەکان پەککەوتوون و کەرتی تەندروستیش بە تواناپچڕاوەکانەوە کار دەکات. لە ئێستادا، زیاتر لە چوار هەزار باڵەخانەی زیانپێکەوتوو مەترسی داڕمانیان لەسەرە، کە زیاتر لە  2,300یان تا ئێستاش نزیکەی 44 هەزار هاووڵاتییان تێدا دەژین.

لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆسەی پاککردنەوەی داروپەردوو بەهۆی کەمیی سوتەمەنی و ئامێری قورسەوە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە.

ئاڵۆزییەکانی ئاوەدانکردنەوە و بێپاساوی "رۆژی دوای جەنگ"

بەپێی خەمڵاندنە نێودەوڵەتییەکان، پرۆسەی شیاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە ماوەی دە ساڵدا پێویستی بە 71.4 ملیار دۆلار دەبێت (کە 26.3 ملیاری تەنها بۆ 18 مانگی یەکەمە)، لە کاتێکدا زیانە مادییە راستەوخۆکان بە 35.2 ملیار دۆلار دەکەمڵێندرێن.

بەڵام کێشەکە تەنها دابینکردنی سەرمایە نییە؛ بەڵکو نەبوونی رێککەوتنێکی سیاسیی روونە لەسەر ئەوەی کێ فەرمانڕەوایی غەززە دەکات؟.

پلانی پێشنیارکراوی ئەمریکا باس لە ئیدارەیەکی کاتیی فەلەستینی و هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری دەکات، تا ئیسرائیل بەپلەبەندی بکشێتەوە.

بەڵام ئیسرائیل مەرجی داماڵینی چەکی حەماس دەسەپێنێت پێش کشانەوەی تەواوەتی، لە کاتێکدا حەماس تەنها ئامادەیی نیشانداوە دانوستان لەسەر چەکەکەی لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێودەوڵەتیدا بکات.

ئێستا ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی نزیکەی دوو سێیەمی خاکی غەززەی لەدەستدایە، ئەمەش دانوستانەکان ئاڵۆزتر دەکات.

لە بەرانبەردا، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل خۆیان بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە 27ی تشرینی یەکەمی 2026 ئامادە دەکەن، لە کاتێکدا ئاسەوارەکانی 7ی تشرینی یەکەم هێشتا وەک شوکێکی ئەمنی و سیاسی بەسەر ناوخۆی ئیسرائیلەوە دیارە.

لە یادی سێ ساڵەی هێرشەکەدا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە "حەماس هەرگیز حوکمی غەززە ناکاتەوە" و بەڵێنی دا بەردەوام بێت لە بەدیهێنانی ئامانجە سەربازییەکانی.

تەقینەوەی بەرەکانی ناوچەکە

تەنگژەی غەززە تەنها لە سنووری فەلەستین نەمایەوە. سنوورەکانی لوبنان بوونە بەرەی شەڕی کراوە لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سووردا زیانی گەورەی بە بازرگانیی نێودەوڵەتی گەیاند، و ئێرانیش راستەوخۆتر هاتە ناو حیساباتە ئەمنییەکانی ناوچەکەوە.

ململانێکان گەیشتنە لوتکە لە 28ی شوباتی رابردوودا، کاتێک ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشێکی سەربازیی هاوبەشیان کردە سەر ئێران.

چەمکی نوێی دادپەروەری و ئایندە

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەم جەنگە دۆسیەی فەلەستینی هێنایەوە پێشەوە و دامەزراوە دادوەرییەکانیشی تووشی تاقیکردنەوە کرد؛ لە نۆڤەمبەری 2024دا دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ و یوئاف گالانت، وەزیری بەرگریی پێشوو دەرکرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.

لە هەمان کاتدا دۆسیەی ئەفریقای باشور دژی ئیسرائیل لە دادگای دادپەروەریی نێودەوڵەتی (ICJ) وەک خۆی بەردەوامە.

دوای سێ ساڵ، 7ی تشرینی یەکەم وەک وەرچەرخانێک لە مێژوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە. هەرچەندە ئاگربەست بەدەست هاتووە، بەڵام تاقیکردنەوەی راستەقینەی ساڵانی داهاتوو لەوەدایە کە ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت ئەم بێدەنگییە کاتییەی چەکەکان بگوێزێتەوە بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی بەردەوام کە مافی گەلی فەلەستین بپارێزێت و ئایندەی ناوچەکە لە شڵەژانی بەردەوام رزگار بکات؟