جارێکیتر و لە گەڕێکیتردا دوو زلهێزەکەی جیهان، لە پێناو پاراستنی خودی خۆیان لە جەنگێکی درێژ و رەنگە بڵێین یەکلاکەرەوە، لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆدەبنەوە... مێژووی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە راستیدا هێندەی مێژووی شکست و نەگەیشتنە ئەنجامە، نیو هێندە وێنەیەک نییە بۆ هیوای بەیەک گەیشتن و لێکتێگەیشتن. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیرانەوە، لەبەردەم روداوگەلی سیاسی و سەربازیی نوێدایە.

 نیو سەدە لە بێ متمانەیی:

پەیوەندیی نێوان واشنتن و تاران بۆ ماوەی نزیکەی 50 ساڵە بە بێ متمانەیی و پێکدادانی ئایدۆلۆژی دەناسرێتەوە. لە دوای شۆڕشی 1979 و دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، تاوەکو کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی (JCPOA) و کوژرانی قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2020 درۆنێکی ئەمریکی، هەردوو وڵات چەندین جار گەیشتوونەتە لێواری جەنگی سەرتاسەری.

هاوکێشەی دوای جەنگە 12 رۆژییەکە:

ئەم خولەی دانوستانەکان جیاوازە؛ چونکە دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیرانی رابردوو دێت، کە تێیدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر بونیادی ئەتۆمی و بەرگریی ئاسمانی و موشەکیی ئێران و لە وەڵامیشدا ئێران هێرشی چڕی بۆ شارەکانی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا. ئێستاش ئێران کە دەڵێت: لە بەهێزترین ساتی مێژووی خۆمانداین و هاوکات واشنتۆنیش وای دەبینێت  کە بەهۆی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەوە کە لە ماوەکانی رابردوودا روویداوە، لە لاوازترین کاتی خۆیدایە.

تەبەس و پەیامی ناڕاستەوخۆی عراقچی بۆ ئەمریکا:

زانیارییەکانی چاودێریی فڕین نیشانی دەدەن، ئەو فڕۆکەیەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی گەیاندە مەسقەت، لە ناوچەی "تەبەس"ـەوە بەڕێکەوتووە؛ ئەو شوێنەی کە لە ساڵی 1980 پڕۆسەی "چنگی هەڵۆ"ی ئەمریکا بۆ رزگارکردنی بارمتەکان تێیدا شکستی هێنا. ئەمەش وەک پەیامی هێز و باڵادەستی ئێران دژ بە ئەمریکا لێکدەدرێتەوە.

 

پێشنیاری نێوەندگیرەکان؛ 3 ساڵ سڕکردن:

بەپێی زانیارییەکانی میدیا جیهانییەکان، هەریەکە لە قەتەر، میسر و تورکیا پێشنیارێکیان خستووەتە بەردەم تاران، کە تێیدا ئێران پابەند دەبێت بە "سفر پیتاندنی یۆرانیۆم" بۆ ماوەی 3 ساڵ، دوای ئەو ماوەیەش رێژەی پیتاندن لە 1.5% تێنەپەڕێت. واشنتن دەیەوێت ئەم دانوستانە پرسی موشەکە بالیستییەکان و پاڵپشتیی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکەش بگرێتەوە، بەڵام تاران تاوەکو ئێستا تەنیا دەیەوێت لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزا ئابورییەکان قسە بکات.

بەشداربووان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن چی؟
وەفدی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و بەشداریی جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە مەسقەت کۆدەبنەوە. ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا پەیوەست نییە بەم دوو وڵاتەوە؛ روسیا و چین و یەکێتیی ئەوروپاش بە وردی چاودێریی دەکەن، چونکە شکستی ئەم دانوستانانە و هەڵگیرسانی جەنگ، لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر ئابوری و ئاسایشی جیهان دەبێت. روسیا و چین کە پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ تاران هەیە، هەمیشە رەخنەیان لە سیاسەتی "فشاری زۆر"ی ئەمریکا گرتووە و داوای رێگەچارەی دیپلۆماسی دەکەن.

مەترسییەکانی شکستی دانوستانەکان:

ئەگەر ئەم دانوستانانە بگەنە بنبەست، مەترسیی ئەوە هەیە گرژییەکان بەرەو روبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستی بچن. جەنگێک کە نەک هەر ئێران و ئەمریکا، بەڵکو تەواوی ناوچەکە و جیهان دەگرێتەوە. بۆ گەلی ئێرانیش کە ئێستا لەژێر باری گرانی سزاکاندایە، شکستی دیپلۆماسی واتە داهاتوویەکی نادیار و تەمومژاویتر و هاوکات بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلیش، واتە؛ هێرشی چڕی موشەکە بەهێزەکانی ئێران بۆ سەر گشت بەرژەوەندییەکانیان.

پەیامی لایەنەکان بەر لە دەستپێکی دانوستانەکان:

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە کە بە نییەتێکی باشەوە هاتوون، بەڵام "دەبێت رێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش بنەمای هەر رێککەوتنێک بن." لە بەرامبەردا، واشنتن هۆشداری دەدات کە ترەمپ جگە لە دیپلۆماسی، چەندین بژاردەی دیکەی سەربازیی لەبەردەستە و هاوکات، بەر لە دانوستانەکان و کەمێک پێش ئێستا، هاووڵاتییەکانی ئاگادارکردەوە کە دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن و چۆڵیبکەن.

ئێستا جیهان چاوەڕوانە؛ ئایا دانوستانەکانی مەسقەت دەبنە هەوێنی ئاشتی و رێککەوتنێکی نوێ، یان تەنیا ئارامییەکی کاتی دەبن پێش هەڵگیرسانی گەردەلولێکی سەربازیی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟